پەیوەندییەکانی دەرەوەی پیرانی ئەمریکا پشتگیریی سزادانی تورکیا دەکات

 پەیوەندییەکانی دەرەوەی پیرانی ئەمریکا پشتگیریی سزادانی تورکیا دەکات


لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پشتگیریی سزادانی تورکیا دەکات.

بە دەنگی 18 ئەندام بەرامبەر 4 ئەندام، لێژنەکە پرۆژەیاسای ”پتەوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش)، پەسەند کرد.

هەروەها لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ پرۆژەیاسای سەپاندنی سزا لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەسەر تورکیادا، نیشان داوە.

پرۆژەیاساکە بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسیا، بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەنقەرە، داڕێژراوە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400 لەلایەن ئەنقەرەوە، بە تەواوی ئاڵۆز بوون و واشنتن داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی ئەو سیستەمە رووسیە لە ئەنقەرە دەکات.

لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.

ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت و یەکێک لە سزاکانیش، راگرتنی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F35 بوو بەو وڵاتە.

لە رۆژی12-7-2019ـەوە، رادەستکردنی کەلوپەلەکانی سیستەمە مووشەکییەکە بە تورکیا، دەستی پێ کرد.











باسنيوز
Top