لە دانیمارک پۆلیس ژمارەیەک پلانی "هێرشی تیرۆریستی"ـی پووچەڵدەکاتەوە

لە دانیمارک پۆلیس ژمارەیەک پلانی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ و خۆئامادەکردنی خەڵک بۆ ئاهەنگگیڕان، پۆلیسی دانیمارک 20 کەس دەستگیردەکات کە بە گوتەی پۆلیس، پلانی "هێرشی تیرۆریستییان" هەبووە.

فلیمینگ درێخەر، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی دانیمارک لەبارەی ئەو کەسانەوەی دەستگیریان کردوون رایگەیاند "لەلایەن چەکدارێکەوە سەرپەرشتیکراون و پاڵنەری تیرۆریستییان هەبووە".

یۆرگن بێرگن سکۆڤ، بەرپرسی پۆلیسی کۆپنهاگن ئاماژە بەوە دەکات "هەندێک لەوانە ئامڕازیان دەستکەوتووە بۆ ئەوەی تەقەمەنییان لێ دروستبکەن و هەوڵی دەستکەوتنی چەکیشیان داوە".

یۆرگن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هەندێکیان بەگوێرەی یاسای تیرۆری وڵاتەکە سزادەدرێن.

درێخەر گوتیشی "بە جیدی سەیری ئەو کەیسانە دەکەین، چونکە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کەسانێک هەن نیاز و توانای کردەوەی تیرۆریستییان لە دانیمارک هەیە".

لە ساڵانی رابردوودا چەندین هێرش و کاری تووندوتیژی لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا روویانداوە. لە ساڵی 2015دا و لە ئەنجامی هێرشێکدا لە ناوەندی کۆپنهاگن دوو کەس کوژران و شەش ئەفسەری پۆلیسیش برینداربوون.
Top