حکوومەتی لوبنان لەبارەی هێرشکرنە سەر ئیسرائیل وەڵامی پاسدارانی ئێران دەداتەوە
وەزیری بەرگریی لوبنان وەڵامی فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، لێدوانەکەی دەستدرێژییە بۆ سەر سەربەخۆیی لوبنان.
ئیلیاس بو سەعب، وەزیری بەرگریی لوبنان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەو لێدوانەی لیوا مورتەزا قوربانی، راوێژکاری فەرماندەی پاسداران ”قبوڵ ناکرێت و دەستدرێژییە بۆ سەر سەربەخۆیی لوبنان“.
ئیلیاس بو سەعب ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئێران، کە ”پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ لوبنان هەیە“، دەستوەربداتە بڕیاری ناوخۆیی لوبنان.
پێشتر لیوا مورتەزا قوربانی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردبوو و رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی لە خاکی لوبنانەوە ئیسرائیل لەناو دەبات.
باسنیوز
