وەزیری تەندروستیی ئێران: بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا کۆنترۆڵکراوە
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنە کە دوێنێ دووشەممە 09-12-2019 گیانلەدەستدانی دوو کەسی دیکەی بەهۆی ئەنفلەوەنزای بەرازەوە راگەیاندبوو، ئەمڕۆش رایگەیاند دوو کەسی دیکە بەو هۆیە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی قوربانییەکانی پارێزگاکە بە گشتی بوونەتە 9 کەس.
ئەنفلەوەنزای ئەمساڵ زۆر کوشندە بووە. بەپێی ئاماری فەرمی تاوەکو ئێستا گیانی لە زیاتر لە 80 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەندووە.
هۆکاری جیاواز بۆ ئەو ئەنفلەوەنزایە باسدەکرێت. بەرپرسان باس لەوە دەکەن ئەمساڵ زووتر هاتووە و دوو جۆریشە، بەڵام باس لە کەمیی دەرمان و درەنگ لێدانی دەرزیی دژە ئەنفلەوەنزاش دەکرێت، بەتایبەت لە دەسپێکی هاتنی نەخۆشییەکەوە. ئەوەش بابەتێک بوو بەرپرسان رەتیاننەکردەوە، بەڵام گوتیان لایەنی بەرهەمهێنەر لەناکاو بەرهەمهێنانی دەرمانی راگرتووە و ئەوەش کێشەیەکی کاتیی دروستکردووە.
سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی کە ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای سمنانی کردبوو، باسی ئەوەی کرد کە ئەنفلەوەنزاکە بە هاوکاریی خەڵک رووی لە کۆتاییە.
سەعید نمەکی رایگەیاند "قۆناخی بەربڵاوی نەخۆشیی ئەنفلەوەنزا کۆتایی هاتووە و نەخۆشییەکە کۆنترۆڵکراوە. هیچ کێشەیەکمان لە دابینکردنی دەرمانی ئەنفلەوەنزا و دەرمانەکانی دیکەش نییە".
وەزیری تەندروستی پێش لەوە لە شاری سەبزەوار لە خوراسان ئاماژەی بەوە کرد"لە بواری دەرماندا کەموکووڕییەک نییە و کەمیی دەرمان لە چاو ساڵێک لەمەوبەر 66% کەمتر بووەتەوە".
بەپێی لێدوانەکانی پێشتری بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، ئێران نزیک بە 4% لە پێویستیی دەرمانی خۆی هاوردەدەکات.
گەمارۆکانی ئەمریکا راستەوخۆ دەرمانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵام لەبەر کێشەی گواستنەوەی پارە، کاریگەرییان لەسەر هاوردەی دەرمان داناوە. ئێران بەشێک لە دەرمانی نەخۆشییە گرانەکان و هەروەها ماددەی خاوی بەشێک لە دەرمانەکانی دیکەش هاوردەدەکات. لەوانە ماددەی خاوی دەرمانی ئەنفلەوەنزا.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، توانیویانە دەرمانی دژە ئەنفلەوەنزا بەرهەمبهێنن و لەو رووەوە کێشەیەک نییە. بەڵام وادیارە هێشتا دەبێت دەرمانی پێشگیری لە تووشبوون بەو نەخۆشییە هاوردەبکرێت.
بەگوتەی شارەزایان، دەرمانی دوای تووشبوون زۆر کاریگەر نییە، بەڵکو گرنگ پێشگیرییە کە ئەویش سەرەتای پاییز و لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەدا لەبەردەستدا نەبوو یان زۆر کەمبوو.
محەممەد مەهدی گویا، سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان، رایگەیاند "دەرمانی ئێرانیی دژە ئەنفلەوەنزا یەکێکە لە کاریگەرترین جۆرەکانی دەرمانی ئەم نەخۆشیە".
