حیزبە ناکۆکەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدەن

حیزبە ناکۆکەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدەن
حیزبە ناکۆکەکانی ئیسرائیل هەوڵێکی دیکە بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دەدەن و دەیانەوێت ئەمجارە بە هەر نرخێک بێت بگەنە رێککەوتن. ئەگەر تاوەکو چوارشەممەی داهاتوو حیزبەکانی ئسرائیل لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ رێکنەکەون، ئەگەری هەڵبژاردن لە ئارادایە کە ئەوەش لەمساڵدا سێیەم جارە.

حیزبی "کحول لڤانت" کە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بوو، رایگەیاند "نەتانیاهوو بە گەندەڵی تێوەگلاوە و دەبێت ئیسرائیل لە دەستی ئەو رزگاربکرێت".

سەرۆکی ئیسرائیلیش داوا لە حیزبەکەی نەتەنیاهوو و حیزبی کحول لڤانت دەکات هاوپەیمانی دروستبکەن و بە هاوبەشی حکومەت پێکبهێنن.

بنیامین نەتەنیاهوو کە هاوکات تۆمەتی گەندەڵیی دراوەتەپاڵ، لەگەڵ بێنی گانتزی سەرکردە رکابەرەکەی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بگەنە رێککەوتن.

ئەگەر نەتەنیاهوو و بێنی گانتز تاوەکو رۆژی چوارشەممە پێکنەیەن، بەڕێوەچوونی سێیەم هەڵبژاردن لەماوەی ساڵێکدا بەهێزترین ئەگەرە.

ریوڤین ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند "با هیچ تێگەیشتنێکی هەڵە نەبێت، ئەو پشێوییە سیاسییە دەبێت کۆتایی پێبێت. چارەنووسی سیاسیی کەسێک لە چارەنووسی ئافرەتێکی بە ساڵاچوو، لە نەخۆشخانە، لە پەروەردەی تایبەتیی منداڵان، لە پەککەوتووان، لە قوربانییانی توندوتیژیی ناوچە عەرەبییەکان، لە دانیشتووانی باشوور گرنگتر نییە".

کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل خەڵکی ئێجگار بێزارکردووە. خەڵکی تەل ئەڤیڤ بەشێکیان دەڵێن، نەتەنیاهوو بۆ ئەوە دەستبەرداری دەسەڵات نابێت تاوەکو بە دەسەڵاتەکەی شەڕی ئەو تۆمەتانە بکات کە لەسەر گەندەڵی دراونەتە پاڵی.

گالی فرۆینس، دانیشتووی تەل ئەڤیڤ دەڵێت "نەتەنیاهوو ئەو بەشە حکومەتەی تێکداوە کە ماوە، تەنیا بۆ ئەوەی خۆی لە زیندان بەدووربگرێت، چونکە دەزانێت لە دادگا لە زیندان زیاتر، هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نییە".

دڤۆرا سیگیڤ، دانیشتووی تەل ئەڤیڤە و ئاماژە بەوە دەکات "ئەمە مایەی خەمگینییە کە سەرۆکوەزیران تووشی ئەو ئابڕووچوونە بووە، لەلایەکی دیکەشەوە دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت بۆئەوەی لە دادگا شەڕ لەپێناو بێتاوانیی خۆی بکات. رێگەش بەوانی دیکە نادات حکومەت بەڕێوەببەن".

یەکەم هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە 30ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو. حیزبەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتنە رێککەوتن. لە 17ی ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردنێکی دیکە سازکرا و دیسان حیزبەکان نەگەیشتنە رێککەوتن.

زۆر لەچاودێرانی سیاسیی دۆخی ئیسرائیل باوەڕیان وایە ئەگەری هەیە هەڵبژاردنی سێیەم بەڕێوەبچێت.
Top