لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت
عەبدولـلەتیف بن راشد، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، سەرکردەی وڵاتانی کەنداو باس لە کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی پەرەدان بە هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە بوارەکانی سیاسی، بەرگری، ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو ئەنجوومەنێکی ئابووری و سیاسییە و ساڵی 1981 دامەزراوە. وڵاتەکانی سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین و عومان تێیدا ئەندامن. ئامانجیان زیادکردنی هاوئاهەنگییە لە بوارە جیاوازەکاندا.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە دوو ساڵە گرژی لە پەیوەندییەکانی سێ وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەگەڵ قەتەر هەیە، ئەوانیش سعوودیە، ئیمارات و بەحرەینن.
لە حوزەیرانی 2017دا سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندن و بەتۆمەتی پاڵپشتیکردنی تیرۆر و چەند تۆمەتێکی دیکە گەمارۆی ئاوی، ئاسمانی و وشکانییان خستە سەر ئەو وڵاتە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە چڕکراونەتەوە و رۆژی هەینیی رابردووش وەزیری دەرەوەی قەتەر گوتی، لە چارەسەرکردنی کێشەکە نزیکن.
محەممەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد "لەوانەیە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بۆ بەدەستهێنانی هەندێک پێشکەوتن، لەو چەقبەستووییە دوورکەوتبینەوە. هەندێک گفتوگۆ لە نێوان ئێمە و سعوودیەدا هەبوو و ئومێدەوارین ئەم گفتوگۆیانە پێشکەوتنی باش بەدەستبهێنن و کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنن".
بەڵام کۆتاییهێنان بە کێشەی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ قەتەر ئاسان نییە، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی قەتەر لەگەڵ هەندێک وڵات و هێزی ناوچەکەدا هەیەتی کە ریاز و هاوپەیمانەکانی دژی ئەو پەیوەندییانەن.
