دوو وڵاتی عەرەبی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان دیاری دەکەن
فەرەنسا کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی کێشەکانی لوبنانەوە ساز دەکات و رۆژنامەنووسێکی عەرەبیش باس لە دیاریکردنی دوو کاندید لەلایەن دوو وڵاتی عەرەبییەوە دەکات.
ئەنیس فۆن دێر مۆڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای خێرا هەڵبژاردنی حکوومەتێک لە لایەنە لوبنانییەکان بکەن.
کۆنگرەکە رۆژی چوارشەممە 11-12-2019 لە پاری بەڕێوە دەچێت و جگە لە دیاریکردنی سەرۆکی حکوومەتی نوێ، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ خراپیی باری ئابووریی و داواکاریی خۆپیشاندەرانی لوبنان، دەدات.
هەر لە بارەی لوبنانەوە، فەیسەڵ قاسم، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات ناکۆکییەکی توندیان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی لوبنان، لە نێوان دروست بووە.
فەیسەڵ قاسم رایگەیاندووە، سعودیە پشتگیریی دووبارە دیاریکردنەوەی سەعد حەریری وەک سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەکات، کە لە مانگی رابردوودا بە گوشاری خۆپیشاندەران، دەستی لەکار کێشایەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئیمارات پاڵپشتیی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن خاوەنکار سەمیر خەتیب دەکات و بەمەش ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ئەو دوو وڵاتە.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران، سەمیر خەتیبی خاوەن کار دیارترین کاندیدی سوننەکان بوو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، بەڵام رۆژی یەکشەممە 8-12-2019، سوننەکان رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنەوەی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ.
هەوەها رۆژی یەکشەممە موفتیی کۆماری لوبنان پشتگیریی خۆی بۆ دیاریکردنی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی وڵاتەکە، دەربڕی.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
