هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی لوبنان دوا دەخرێت
هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەسەر داوای سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، دواخرا.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە 9-12-2019، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لوبنان دەست بە گفتوگۆ و راوێژەکانیان بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام بە بڕیاری سەرۆک کۆمار، دواخرا بۆ ناوەڕاستی ئەم مانگە.
سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، میشال عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان لەسەر داوای زۆرینەی کوتلە سیاسییەکان و بۆ گفتوگۆی زیاتر، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی بۆ رۆژی 16-12-2019،دواخستووە.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران، سەمیر خەتیبی خاوەن کار دیارترین کاندیدی سوننەکان بوو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، بەڵام رۆژی یەکشەممە 8-12-2019، سوننەکان رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنەوەی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ.
هەوەها رۆژی یەکشەممە موفتیی کۆماری لوبنان پشتگیریی خۆی بۆ دیاریکردنی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی وڵاتەکە، دەربڕی.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
