داوا دەكرێت سەروەت و سامانی ئەردۆغان لە پەرلەمان ئاشكرا بكرێت

 داوا دەكرێت سەروەت و سامانی ئەردۆغان لە پەرلەمان ئاشكرا بكرێت


ناكۆكیی نێوان ئەحمەد داودئۆغلو و رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژ بە رۆژ یاتر تەشەنە دەكات و كار گەیشتووەتە ئەوەی لەڕێگەی میدیاكانەوە ئەردۆغان بە توندی دژی داودئۆغلو قسە دەكات و بە گەندەڵ ناوی دەبات، دەشڵێت كە داوئۆغلو سەرۆك وەزیران بووە، زەوی بۆ دروستكردنی زانكۆ وەرگرتووە كە زانكۆیەكە هی خۆیەتی. داودئۆغلوش دەڵێت با سەروەت و سامانی خۆمان بۆ پەرلەمانی توركیا بخەینە ڕوو.

دوو رۆژ بەرلە ئێستا ئەردۆغان لە میتینگێكدا هێرشی كردە سەر داودئۆغلو و، گوتی گەندەڵی لە موڵكی گشتیدا كردووە، بەڵام هەر دوای ٣ سەعات داودئۆغلو وەڵامی دایەوە و گوتی ئەوانەی باس دەكرێت دوورە لە راستییەوە.

لە ٨ی١٢ی٢٠١٩ داودئۆغلو لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) داوای لە پارتە سیاسییەكان كرد هاوكار بن تا بتوانن سەروەت و سامانی هەموو بەرپرسەكان لەناو پەرلەماندا گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت و لیژنەیەكی لێكۆڵێنەوە پێك بهێندرێت. داودئۆغلو ئاماژەی دا كە پێویستە سەرۆك كۆماری توركیاش بهێنرێتە ناو ئەو بابەتە و بزانرێت سەروەتەكەی چەندە.

ئەمڕۆ ٩ی١٢ی٢٠١٩، كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، وەڵامی داودئۆغلوی داوەتەوە و دەڵێت ئێمە لەگەڵ ئەوەین بەرپرسە باڵاكان لەناو پەرلەمان سەروەتەكانیان ئاشكرا بكەن.

ئەو دەڵێت وەكوو جەهەپە لەناو پەرلەمان پشتگیری لە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە دەكەین، بەو مەرجەی كەس بێبەری نەكرێت و ئەردۆغانیش بگرێتەوە، ئەوكات لیژنەیەك پێكبهێنرێت و لیژنەكە كارەكانی بە بوێری ئەنجام بدات.










باسنيوز
Top