وەزیری بەرگریی ئەمریکا: ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتر دەنێرینە سووریا
مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی بەرگریی نیشتمانی ریگن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هێزەکانیان مانۆڕێکی سەربازییان لە باکووری سووریا کۆتایی پێهێناوە و گوتیشی، ژمارەی سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانیان لە سووریا لە دەورووبەری 600 کەس دەبن.
مارک ئیسپەر لەبارەی ئەو پرسەوە باسی لەوەش کردووە، لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سوپاسالاری ئەمریکا.
چەند رۆژێک پێشتر ئیسپەر باسی لەوە کرد، هێزەکانی هاوپەیمانان قسەی زۆریان کردووە و هەندێک لە هاوپەیمانان دەیانەوێت هێزی خۆبەخش بنێرن بۆ سووریا و گوتیشی "ئەگەر وڵاتێکی هاوپەیمان یاخود ئەندامێکی هاوپەیمانیی ناتۆ 50 کەسمان پێبدات، لەوانەیە بتوانم 50 کەس بکێشمەوە".
سوپای ئەمریکا دەڵێت، هەوڵی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا دەدەن. لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە لەندەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوە لە سووریا ماونەتەوە تا دڵنیابن کە داهاتی نەوت ناکەوێتە دەستی گروپە چەکدارییەکان.
