ئەمریکا: هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی بەلەد بە پاڵپشتیی ئێران ئەنجام دراوە
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە هێرشکرنە سەر بنکەی سەربازیی بەلەد، بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە.
شەوی پێنجشەممە 5-12-2019، بەشێک لە میدیا عێراقییەکان هەواڵی تۆپبارانکردنی بنکەی سەربازیی (بەلەد)یان لە پارێزگای سەڵاحەدین بە سێ مووشەک، بڵاو کردەوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، کە ”رەنگە“ ئێران بەرپرس بێ لەو هێرشە مووشەکییە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی چاوەڕێی دەستکەوتنی بەڵگەی زیاترە لەبارەی سەرچاوەی مووشەکەکانەوە.
بنکەی سەربازیی ئاسمانیی بەلەد (پێشتر ناوی بنکەی سەربازیی بەکر بوو) کەوتووەتە پارێزگای سەڵاحەدین و دووریی 64 کیلۆمەتر لە باکووری بەغدا، بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی عێراقییە و لە ساڵانی 80ـاکانی سەدەی رابردوو دروست کراوە. ئێستا سوپای ئەمریکا ئەو بنکەیەی کردووەتە بنکەیەکی سەرەکیی هێزەکانیان لە عێراق.
باسنيوز
