مانگرتنی سەرتاسەری لە فەرەنسا راگەیێندرا
ئەمە گەورەترین مانگرتنی سەرتاسەرییە لە چەند دەیەی رابردوودا لەلایەن یەکێتی و سەندیکاکانەوە ئەنجامدەدرێت، مانگرتنەکەش دژی هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆنە بۆ گۆڕنی سیستەمی خانەنشینی.
سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت سیستەمی مووچەی خانەنشینی لە وڵاتەکەی هاوتابکات، کە 42 جۆری خانەنشینبوون هەن. ماکرۆن دەڵێت ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە نادادپەروەرانەیە و تێچووی زۆرە.
پلانەکانی ماکرۆن ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، وادەکات کارمەندان بۆ کاتێکی زیاتر کاربکەن و مووچەی کەمتریش وەربگرن. ئەمڕۆ پینجشەممە وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە لەگەڵ نوێنەری یەکێتییەکان کۆبووەوە.
لەگەڵ مانگرتنەکەش خەڵکێکی زۆر شەقامەکانی پاریسیان تەنیوە، خۆپیشاندانەکان تووندوتیژی لێکەوتەوە و پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدات.
