ئەردۆگان هێرشدەکاتە سەر ئەمریکا
تورکیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، هەرکاتێک ویستی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی ئەنجامدەدات
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا لەپەراوێزی کۆبونەوی لوتکەی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، "تورکیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، هەرکاتێک ویستی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی ئەنجامدەدات، بەبێ ئەوەی داوای رەزامەندی لەهیچ لایەنێک بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک وڵات ئامۆژگاریان دەکەن کە لە سوریا بکشێینەوە، بەڵام تەنها یەک وەڵام بۆ ئەو وڵاتانە هەیە، "ئەی ئێوە چی دەکەن لە سوریا؟ ئایا هیچ سنورێکی هاوبەشتان لەگەڵ سوریادا هەیە؟".
هێزەکانی ئەمریکا کرد دەیان هەزار کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە سوریا، لەکاتێکدا تورکیا و سوریا سنوری هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە
ئەردۆگان ئاماژەی بە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد و وتی، "دەیان هەزار کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە سوریا، لەکاتێکدا تورکیا و سوریا سنوری هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە، "تورکیا بۆیە لەناو خاکی سوریایە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سنورەکانی خۆی بکات، بەڵام تەماعکاران بەهۆی چاوچنۆکی خۆیانەوە لەوێ ماونەتەوە".
ئەو کەسانەی کە چەک بە تیرۆرستەکان دەدەن، ئێستا نایانەوێت چەک بە تورکیا بفرۆشن
ئەردۆگان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا جارێکی دیکە هێرشیکردە سەر ئەمریکا و وتی، "ئەو کەسانەی کە چەک بە تیرۆرستەکان دەدەن، ئێستا نایانەوێت چەک بە تورکیا بفرۆشن".
ئەو هێرشەی ئەردۆگان بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتوەکان لەکاتێکدایە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کارەکانی ناوچەی ئارام بەباشی بەڕێوەدەچێت، هەروەها چاوپێکەوتنەکەی خۆی لەگەڵ ئەردۆگاندا بە "زۆر باش و سەرەنج راکێش" ناوبرد.
پێشتر واشنتن رەخنەی لە تورکیا گرتبو، بەهۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاڤای کوردستان و کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ی روسی، بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە هەفتەی داهاتو گۆنگرێسی ئەمریکا کۆببێتەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا.
خەندان-
