هیومان رایتس وۆچ: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆنترۆڵی هێزەکانی پێناکرێت

هیومان رایتس وۆچ: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆنترۆڵی هێزەکانی پێناکرێت
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێزی تووند دژی خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن، سەرەڕای فەرمانپێکردنیان لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە بۆئەوەی ئەو کارە نەکەن.

سارا ویتسن، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "پێویستە حکومەت کۆتایی بە کوشتنی نایاساییانە بهێنێت و روونی بکاتەوە کە بۆچی ناتوانێت هێزە ئەمنییەکانی کۆنترۆڵ بکات. دژبەیەکی لەنێوان راگەیێندراوەکانی حکومەت و ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەیکەن ئەوە دەردەخات کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆنترۆڵی هێزەکانی خۆی پێناکرێت".

رێکخراوەکە هیچ ئامارێکی خۆی لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان رانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێت بەگوێرەی ئامارێکی رۆژی 29ـی مانگی رابردووی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، لانیکەم 354 کەس کوژراون و هەشت هەزار و 104 کەسی دیکە برینداربوون. بەڵام ئامارەکان لەناوخۆی عێراقەوە ئاماژە بە کوژرانی زیاتر 400 کەس و برینداربوونی نزیکەی 17 هەزار کەسی دیکە دەکەن.

هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی عێراق لێکۆڵینەوە لە هەر رووداوێکی کووشتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە توانای شارەزایانی نێودەوڵەتی وەربگرن.

لە 1ـی ئۆکتۆبەر خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستیپێکرد و بارودۆخی خراپی وڵاتیش وایکرد، عادل عەبدولمەهدی بڕیار بدات دەستلەکاربکێشێتەوە، رۆژی 1ـی ئەم مانگەش پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسندکرد.
Top