لە هەندێک ناوچەی ئێران گاز گرانبووە و دەستناکەوێت

لە هەندێک ناوچەی ئێران گاز گرانبووە و دەستناکەوێت
گرانکردنی نرخی بەنزین کاریگەریی لەسەر گرانبوونی نرخی هەندێک لە پێداویستی و خۆراکی رۆژانەی خەڵک داناوە. لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کە زۆربەی گوندەکان هێشتا گازیان بۆ رانەکێشراوە، نرخی پڕکردنەوەی هەر بتڵێک گاز نزیکەی 100٪ بەرز بووەتەوە و دەستیشناکەوێت.

لە زۆر ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک هێشتا بتڵی گاز بەکاردێنن. لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی سەرمادا بەکارهێنانیشی زیاتربووە. ئەوە هاوکات بووە لەگەڵ گرانبوونی نرخی بەنزین. نرخی هەر بتڵێک بە حەوت هەزار و 800 تمەن دیاریکراوە، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا بە چەندقات گرانتر دەفرۆشرێت.

ئەکبەر تەقوا، یەکێکە لە بەرپرسانی رێکخراوی پشتگیری لە بەکارهێنەر راگەیاند "لەم ماوەیەدا خستنەبازاڕی بتڵی گاز 20٪ کەمتر بووەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی مانگەکانی پێشتر دەبوو بە رێژەیەکی زیاتر لە بازاڕدا هەبووایە".

ئەکبەر تەقوا هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ دابەشکردنی بتڵی گاز بەپێی پشک گەڕاندووەتەوە کە دابەشکردنەکەشی بەگوێرەی خواست نییە، بۆیە گرانبووە و بە ئەستەمیش دەستدەکەوێت.

گرانبوونی نرخی بەنزین گرانبوونی هەندێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەدوادا هاتووە. بۆ نموونە لە پارێزگای ورمێ هەر کیلۆیەک میوە نزیک بە چوار هەزار تمەن، گۆشت لانیکەم 15 هەزار تمەن، برنج نۆ هەزار تمەن، دانەوێڵە تاوەکوو شەش هەزار تمەن گرانتر بوونە. بڕێک کەلوپەلی ئۆتۆمبێل تاوەکو نزیکەی 30٪ نرخیان زیادبووە و نرخی کرێی گواستنەوەش، جگە لە رێگە سەرەکییەکان، بەرزبووتەوە.

لەم دواییانەدا حکومەتی ئێران نرخی بەنزینی 200٪ بەرزکردەوە. ئەمە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی گواستنەوە هەبووە. بە گرانبوونی گواستنەوە نرخی کاڵا، کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکانیش بەرزدەبێتەوە.

پێشتر بانکی ناوەندی پێشبینیی دەکرد نرخی هەڵاوسان تاوەکو 4٪ی دیکە زیادببێت. رێژەی هەڵاوسانی مانگی رابردوو لە ئێران 41٪ بوو. ئەمە واتە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەشێوازێکی سرووشتی.

بەرپرسانی حکومەت هۆشدارییانداوە کە لە کەس خۆش نابن ئەگەر سەربەخۆ کاڵا و خزمەتگوزاری گرانبکات، بەڵام شارەزایان کۆنترۆڵکردنی بازاڕ زۆر بە زەحمەت دەزانن.
Top