رۆحانی: بە مەرجێک ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەین

 رۆحانی: بە مەرجێک ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەین


سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بە مەرجێک ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بکات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (فرانس پرێس)، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئەوان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی پرسی چەکی ناوکیی ئێران، دەکەن.

حەسەن رۆحانی هەروەها رایگەیاندووە، تاکە مەرجی وڵاتەکەی بۆ دەست پێ کردنی گفتوگۆکان، هەڵگرتنی هەموو سزاکانە لەسەری، کە ئەمریکا دوای کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ناوکی، بەسەریدا سەپاندووە.

رۆحانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر سزاکان هەڵبگیرێن، ئەوا ئامادەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و پێنج وڵاتەکەی دیکەش کۆ ببێتەوە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران و خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە بپارێزن.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.





باسنیوز
Top