دوورخستنەوەی ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گفتوگۆی جیدی لەسەر دەكرێت

 دوورخستنەوەی ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گفتوگۆی جیدی لەسەر دەكرێت
بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی لە ئەنجومی نوێنەرانی ئەمریكا لەلایەن دیموكراتەكانەوە ئامادە كراوە و، لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەن سەرپەرشتیی دەكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵی جیدی داوە تا ركابەرەكانی لە دیموكراتەكان لەكەدار بكات، تا لەو رێگەیەوە دووبارە ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا.

ماڵپەڕی (BBC)ی توركی ئاشكرای دەكات، راپۆرتەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە ٣٠٠ لاپەڕە پێك هاتووە و لەوێدا هەموو بەڵگەكان ئاشكرا كراون، كە ترەمپ پۆستی سەرۆكی ئەمریكای بۆ لەكەداركردنی ركابەرەكانی لە دیموكراتەكان بەكار هێناوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ترەمپ هەموو هێز و توانای خۆی بەكار هێناوە، تا بتوانێت لە ركابەرەكانی بدات، بۆیە ویستوویەتی لەڕێگەی سەرۆكی ئۆكڕانیاوە جۆ بایدن لەكەدار بكات، بەوەی كوڕەكەی دەستی لە گەندەڵیدا هەبووە لەو وڵاتە.

لە راپۆرتەكادا هاتووە، ئەو هەوڵانەی ترەمپ بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكا ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئاساییشی ناوخۆی ئەمریكا دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها زیانی گەورەش لە سیستەمی هەڵبژاردن دەدات.

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی كوڕی جو بایدن ركابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكادا، لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی گاز كار دەكات لە ئۆكرانیا، دوای ئەوەی هیچ بەڵگەیەك ئاشكرا نەكراوە كە كوڕەكەی لە گەندەڵی تێوە گلابێت، بۆیە ترەمپ فشاری خستووەتە سەر سەرۆكی ئۆكرانیا و داوای لێ كردووە شتێك بدۆزێتەوە تا كوڕەكەی بایدن لە گەندەڵی تێوە بگلێنێت، ئەمەش لەڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاشكرا كراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، كە میدیاكانی ئەمریكاش بڵاویان كردووەتەوە، ترەمپ هەڕەشەی لە ئۆكرانیا كردووە، ئەگەر ئەوەی ئەو دەیەوێت بۆی نەكەن، سەربازە ئەمریكییەكان لە ئۆكرانیا دەكشێنێتەوە، بەمەش هەڕەشەی رووسیا بۆ ئۆكرانیا سەر هەڵدەدات.

ترەمپ هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە، بەڵام دیموكراتەكان بەڵگەكانیان لە رێگەی كۆشكی سپییەوە خستووەتە روو، بەوەی تۆماری دەنگی ترەمپیان لەلایە كە چۆن لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا گفتوگۆ دەكات و هەڕەشەی لێ دەكات.

كۆمارییەكان تاكوو ئێستا هیچ پشتگیرییەكی دیموكراتەكانیان نەكردووە، بەڵام رێگەش لەوە ناگرن كە دیموكراتەكان بەڵگەكان بدەنە دادگا.

لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ژمارەی كورسی دیموكراتەكان زۆرترن لە كۆمارییەكان، بۆیە بە ئاسانی لەكارلادانی ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەران تێدەپەڕێت، بەڵام كاتێك بۆ كۆنگرێسی ئەمریكای دەنێرن، واتە ئەنجومەنی پیران، پێویستە لەوێش ٢ لەسەر ٣ی ئەندامانی كۆنگرێس بە بەڵێ دەنگ بۆ لادانی ترەمپ بدەن، بەڵام لەناو ئەنجومەنی پیران، ژمارەی كورسییەكانی كۆمارییەكان زۆرترن لە دیموكراتەكان.

بۆیە ئەگەر بێت و كۆمارییەكان پشتگیری لە دیموكراتەكان نەكەن بۆ لەكارلادانی ترەمپ، ئەستەمە كۆمارییەكان بتوانن بەتەنیا لەو دۆسییە سەركەوتن بەدەست بهێنن.

دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری دا هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا پێكرد، تا هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا، ئیدی رای گشتیی ئەمریكا و كۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران، دژی ئەو بڕیارەی ترەمپ وەستانەوە، تەنانەت سیناتۆری بەناوبانگی ئەمریكا و لەسەر لیستی كۆمارییەكان بە ناوی گراهام، هەڕەشەی لە ترەمپ كرد كە پێویستە كوردەكان بپارێزن، بە پێچەوانەوە ئەوانیش دۆسیەی لەكارلادانی دەهێننەوە بەرباس.

لە رۆژانی داهاتوودا پرسی لەكارلادانی ترەمپ لە سەرۆكی ئەمریكا لە ئەنجومەنی نوێنەران و پاشان پیران یەكلایی دەبێتەوە.







باسنیوز
Top