ترەمپ لەبارەی چەکدارە بەدیلگیراوەکانی داعش گاڵتە بە ماکرۆن دەکات

ترەمپ لەبارەی چەکدارە بەدیلگیراوەکانی داعش گاڵتە بە ماکرۆن دەکات
سەرۆکی ئەمریکا لە چەندین بۆنە و کۆنفرانسدا رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپی گرتووە لەسەر ئەوەی چەکدارە بەدیلگیراوەکانی داعش وەرناگرنەوە. ئەمڕۆش لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لەندەن، بە گاڵتەوە بە ماکرۆنی گوت "دەتەوێت هەندێ چەکداری باشی داعشت پێبدەم؟"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەبارەی ئایا فەرەنسا پابەندە بە گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعشی وڵاتەکەی لە سووریا؟ ترەمپ رووی لە ماکرۆن کرد و رایگەیاند "لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا باسی ئەوەمان نەکرد، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بەدیلگیراوی داعشمان لەژێر دەستدان لە سووریا، هەموویان لەژوورەکاندا دەرگایان لەسەر داخراوە. هەندێ چەکداری باشی داعشت دەوێت؟ دەتوانم پێتبدەم ئەگەر دەتەوێ".

ترەمپ بەردەوام بوو لەسەر گاڵتەکانی و بە ماکرۆنی گوت، لە چەکدارەکانی داعش هەموو ئەوانەی دەوێت دەتوانی ئارەزووی خۆت هەڵیانبژێریت.

هەرچەندە ماکرۆن زەردەخەنەیەک بە رووخسارییەوە دیار بوو، بەڵام وەڵامی ئەو گاڵتانەی ترەمپی نەدایەوە و تەنها گوتی "با جیددی بین".

پاشان ماکرۆن رایگەیاند، کێشەی ئەوان تەنیا وەرگرتنەوەی چەکدارانی داعش نییە، بەڵکو بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری لۆکاڵی کە خەڵکی عێراق و سووریان، کێشەی گەورەی ئەوانە. هاوکات کاری لەپێشینەی ئەوان لەنێوبردنی داعشە کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە عێراق و سووریا ماون.
Top