میدیای فەرمیی ئێران هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران پشتڕاستدەکاتەوە

میدیای فەرمیی ئێران هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران پشتڕاستدەکاتەوە
میدیای فەرمی و ژمارەیەک بەرپرسی خۆجێیی ئێران کوژرانی ژمارەیەک لە خۆپێشاندەر پشتڕاست دەکەنەوە و خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی چەک و شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی ئێران تۆمەتبار دەکات، بەڵام بەپێی هەواڵی شایەتحاڵ و سەرچاوە خۆجێییەکان، هێزەکانی ئێران بە چەکی سووک و نیوە قورس تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی سڤیل کردووە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کوشتووە.

سەرچاوەکان دەڵێن، ژمارەیەک خۆپێشاندەر لە بەندەری ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان لە ترسی تەقەی هێزەکانی ئێران پەنایان بردبووە بەر قامیشەڵانێکی شارەکە، هەر لەوێدا کۆمەڵکوژ کراون. دەزگای دادی ئێرانیش هەڕەشەی سزای تووند لە دەستبەسەرکراوان دەکات.

زۆر باس لە کوشتاری خۆپێشاندەران لە بەندەری ماهشەهری خوزستان دەکرا. سەرەنجام بەرپرسانی ئەو شارە ئەوەیان پشتڕاستکردە بەبێ ئەوەی ئامارێک لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانەوە رابگەیەنن. باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی 100 کەس کوژراون.

رەزا پاپی، فەرماندەی پۆلیسی ماهشەهر رایدەگەیێنێت "گرووپە دژبەرەکان خۆیان لەو قامیشەڵانەدا حەشاردابوو و لەوێوە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان دەکرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە بە ژیری و هۆشیاریی هێزە ئەمنییەکان نەخشەکەیان سەرینەگرت".

موحسین بەیرانوەند، قایمقامی ماهشەهەر ئاماژە بەوە دەکات "هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ ئاسایشی خەڵک دەستبەکاربوون و زۆر بە تووندیش بەرەنگاری ئەو هێزانە بوونەوە کە رووبەڕووی خەڵک و دەسەڵات بووبوونەوە".

تەلەفزیۆنی ئێران لەو راپۆرتەیدا کوشتاری خەڵکی لە هەندێک لە شارەکانی دیکەش پشتڕاستکردەوە. دوای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو هەفتە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، هێشتا بەرپرسانی حکومەت جگە لە هەندێک لێدوانی پەرشوبڵاوی ئامانجدار لەسەر گیراوەکان، ئامارێکیان لە ژمارەی کوژراو، بریندار و گیراوەکان رانەگەیاندووە.

ئەنوشیروان بەندپەی، پارێزگاری تاران دەڵێت "لەم پارێزگایەدا دوو هەزار و 21 کەس دەستبەسەر کرابوون کە زۆربەیان ئازادکراون و ئەوانەش کە رێکخراو بوون، هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

ئەمڕۆ 03-12-2019 غوڵامحوسێن ئیسماعیلی، گوتەبێژی دەزگای داد رایگەیاند "ئەوانەی لە زیندان راگیراون 300 کەسن". ئەو گوتەبێژەی دەزگای داد ژمارەی گیراوەکانیشی کەمتر لە ئامارە بڵاوکراوەکان لە قەڵەمدا.

بەپێی هەندێک ئامار، لە هەموو ئێران نزیک بە حەوت هەزار خۆپیشاندەر گیراون و گرتنی خەڵکی دیکەش بەردەوامە.

حکومەتی ئێران خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێر و پەیوەست بە دوژمنەکانی خۆی لە قەڵەمدەدات، بەڵام بەشێکیشیان بە خەڵکی ئاسایی نیگەران لە داهاتووی خۆیان دادەنێت.

ئەمڕۆ گوتەبێژی دەزگای داد گوتی "دەزگای داد جیاکاری لەنێوان ئەو دوو گرووپەدا دەکات". بەرپرسانی ئێران دەڵێن، هەڵسوکەوتی یاسایی زۆر تووند لەگەڵ ئاژاوەگێڕەکان دەکەن.

خۆپیشاندان کە بەهۆی گرانکردنی بەنزینەوە سەریهەڵدا، ئێستا گرانیی شتومەکیشی هاتووەتە سەر.
Top