ترەمپ: نەوتی سووریامان لەژێر دەستە و چۆنمان بوێت وای لێ دەكەین

ترەمپ: نەوتی سووریامان لەژێر دەستە و چۆنمان بوێت وای لێ دەكەین
ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند كە نەوتی سووریا لە دەست خۆیانە و چۆنیان بوێت ئەوهای لێ دەكەن.

ترەمپ دوای دیداری لەگەڵ یێنز ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی ناتۆ، كە وەك ئامادەكارییە بۆ دەستپێكردنی كارەكانی لوتكەی هاوپەیمانیی ئەتڵەسی لە شاری لەندەن، لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەوڵی دابوو دەست بە نەوتی سووریاوە بگرێ، بەڵام ئێستە ئەمریكا بە تەواوی دەستی بەسەر نەوتی ئەو وڵاتەدا گرتووە.

سەرۆكی ئەمریكا گوتی "زۆر بە ڕاشكاوی دەیڵێم، لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی نەوتی سووریاوە، پشتگیری خەڵكێكی زۆر جیاوازمان هەیە، لە ڕاستیشدا هیچ سەربازێكمان لەسەر خاكی سووریادا نەماوە، جگە لەوانەی نەوتی وڵاتەكە دەپارێزن، نەوتەكە ئێستە بە دەست خۆمانەوەیە و چۆنمان بوێت دەتوانین وای لێ بكەین".

جێی باسە لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە ترەمپ رایگەیاندبوو كە تەواوی هێزەكانی لە سووریا دەكێشێتەوە، بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا بەشێك لە هێزەكانی لە ناوچە نەوتیەكانی ئەم وڵاتەدا بهێڵێتەوە.












باسنيوز
Top