بۆمبێک بە هێزێکی رووسی لە رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە
بۆمبێک بە هێزێکی پۆلیسی سەربازیی رووسی لە رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە و قوربانی هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 2-12-2019، بۆمبێک لە دووریی 1.5 کیلۆمەتر لە شاری کۆبانی بە کاروانێکی پۆلیسی سەربازیی وڵاتەکەی، تەقیوەتەوە.
هەروەک وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، تەقینەوەی بۆمبەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ پۆلیسی سەربازیی رووسیا و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکە سەربازییەکەیان.
دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، رووسیا و تورکیا رێک کەوتن لەسەر بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی رووسی تورکی لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا).
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
رووسیا لەمانگی ئەیلوولی 2015ـەوە بە ناردنی هێزی سەربازی و چەک و تەقەمەنی پشتگیریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و بەرگریی لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، دەکات.
باسنيوز
