چالاكوانانی مەغریب داوای هەڵوەشاندنەوەی تاوانباركردنی دایكان و ژنانی بێمێرد دەكەن

چالاكوانانی مەغریب داوای هەڵوەشاندنەوەی تاوانباركردنی دایكان و ژنانی بێمێرد دەكەن
ئەو ژنانەی بە تەنیا منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، یاسای مەغریب بە تاوانباریان دادەنێت، چەندین دایكی بێ هاوژینیش ملكەچبوون بەو یاسایە رەتدەكەنەوە و بۆ بەرگریكردن لەخۆیان هەڵمەتی ژنانی لەیاسادەرچوویان دەستپێكردووە.

هەڵمەتی ژنانی لەیاسادەرچوو دژی دەستگیركردن و زیندانیكردنی ژنانی بێمێرد دەوەستێتەوە، كەریمە نادر، دایكێكە خۆی کوڕەکەی بەخێودەکات و دەڵێت "من ژنێكی بێمێردم. دەخوازم وەكو دایكێكی بێمێرد بمێنمەوە، بەڵام كۆمەڵگە ئێمە وەكو تاوانبار دەمبینێت. بەگوێرەی یاسای وڵات ئێستا من لەیاسادەرچووم. كاتێك من دەمەوێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆم بدەم، زۆربەی ژنانی هاوشێوەی من لە مەغریب ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن. دەبێت ئەوانە لەبەرامبەر یاسا و كۆمەڵگەی مەغریب هەڵوێستیان هەبێت".

هەڵمەتەکە لەدوای پرسی هاجەر ریسوونیی، رۆژنامەڤان دەستیپێكرد كە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی سێكسی لەدەرەوەی هاوسەرگیری و لەباربردنی منداڵ دەستگیركرا و پاشان بە فەرمانی شاهانە لە زیندان ئازادکرا.

دوای ئەو رووداوەش هەڵمەتی ژنانی لەیاسادەرچوو بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبووەوە.

نەوال سقڵی، ئەندامی هەڵمەتەکە دەڵێت، لە كەمپینی "لە دەرەوەی یاسا" كە ئێستا بووەتە بزووتنەوە، هەموویان خۆبەخشانە كاری تێدا دەكەن و هەریەکیان ئەركی خۆی هەیە، بۆ نموونە دروستكردنی ڤیدیۆ و بڵاوكردنەوەی پۆستەر.

كۆمەڵەی هاوسۆزیی ژنانی ناحكومی لە مەغریب ئاماژە بەوە دەکات، رۆژانە زیاتر لە 24 منداڵی تازە لەدایكبوو فڕێدەدرێن و ساڵانەش 80 هەزار کردەی لەباربردن تۆماردەكرێت.
Top