سزاكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە

سزاكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە
رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكی، كە زۆربەی ئەو زانیارییانەی بڵاوی دەكاتەوە راستن و سەرچاوەكانی بەردەوام بووەتە جێی باس و خواسی میدیا جیهانییەكان، ئاشكرای دەكات كە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

(Defense News) گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریكی، لە بەدواداچوونێكدا لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و توركیا دوای ئەوەی توركیا مووشەكی بەرگریی S400ی بەبێ پرسی ناتۆ و ئەمریكا لە رووسیا كڕی، ئاشكرای دەكات ئەمریكا بە توندی سزای توركیا دەدات.

ئەو گۆڤارە لەبارەی ئەكتیڤبوونی ئەو سیستەمە لە توركیا، پێی وایە ئەو وڵاتەی زۆر بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكات هیندستانە، چونكە دوای توركیا هیندستانیش بە نیازە هەمان مووشەكی بەرگری لە رووسیا بكڕێت.

گۆڤارەکە نووسیویە: "دۆناڵد ترەمپ یەكێك بووە لەو هۆكارانە كە نەیهێشت ناتۆ و ئەمریكا سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنن، بەڵام ئەو نەرمییەی ئەمریكا بۆ توركیا لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400ی رووسی، هیندستانیش دەهێنێتە جووڵە، بۆیە هیندستان بە وردی چاودێریی ئەو بارودۆخە دەكات، بۆیە سزای ئەمریكا بۆ توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو گۆڤارە ئاماژەی بەوەش داوە هیندستان وەكوو پێشەكی بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە رووسیا تا بیكاتە خاوەنی مووشەكی بەرگریی S400، بڕیاریشە لە ٢٠٢٥ هیندستان بكاتە خاوەنی ئەو مووشەكە، بەڵام ئەمریكا بەربەستی بۆ دروست دەكات.

هەر لە شڕۆڤەكەی گۆڤاری (Defense News)دا هاتووە، ئەگەر هیندستان هۆكارێكی راست و باوەڕپێکراو بداتە ئەمریكا بۆ كڕینی ئەو مووشەكە، ئەوكات كۆشكی سپی و پێنتاگۆن گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن، بەڵام پێ ناچێت ئەمریكا رێگە بدات هیندستان لە رووسیا نزیك ببێتەوە.

لە لایەكی‌ترەوە، سیناتۆرێكی ئەمریكی قسەی بۆ گۆڤاری ناوبراو كردووە و، دەڵێت زوو یان درەنگ سزای توركیا دەدەن، چونكە ئەگەر سزای توركیا نەدەن، ئەوكات هیندستانیش بەبێ پرسی ئەمریكا گرێبەست لەگەڵ رووسیا دەكات و دەبێتە خاوەنی مووشەكی بەرگریی S400.

ئەگەرچی لە مانگی نیسانی٢٠٢٠ توركیا مووشەكی بەرگریی S400 لە توركیا ئەكتیڤ دەكات و بەكاری دەهێنێت، بەڵام تاكوو ئێستا ئەمریكا خۆشحاڵ نییە بەو هەنگاوەی توركیا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری دەكات.

بۆیە ئابووریناسان پێیان وایە،٢٠٢٠ بۆ توركیا لەڕووی ئابوورییەوە ساڵێكی پر كێشە دەبێت، بەتایبەت ئەگەر ئەمریكا سزاكانی بۆ سەر توركیا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.












باسنيوز
Top