تورکیا بە فڕۆکەی ئەمریکی مووشەکی رووسی تاقی دەکاتەوە
سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی، سیستەمی دژە مووشەکی رووسی تاقی دەکاتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، تاقیکردنەوەی سیستەمی راداری دژەمووشەکی S400ـی رووسی، رۆژی 25-11-2019 لە ئاسمانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ئەنجام دراوە.
لەو تاقیکردنەوەیە، سوپای تورکیا فڕۆکەی جەنگیی F16ـی بەکارهێناوە، کە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکییە.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400 لەلایەن ئەنقەرەوە، بە تەواوی ئاڵۆز بوون و واشنتن داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کڕینی ئەو سیستەمە رووسیە لە ئەنقەرە دەکات.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت و یەکێک لە سزاکانیش، راگرتنی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F35 بوو بەو وڵاتە.
لە رۆژی12-7-2019ـەوە، رادەستکردنی کەلوپەلەکانی سیستەمە مووشەکییەکە بە تورکیا، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
