ئێران هاتە دەنگ
لەمبارەوە عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕای گەیاندووە: "وێڕای ئیدانەکردنی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە نەجەف، داواکارین عێراق بەرپرسیارانە و لێبڕاوانە لەگەڵ هێرشبەر و تێکدەران بجووڵێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش کردووە دەبێ حکوومەتی عێراق لە پاراستنی شوێنە دیپلۆماتیکەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و جەختی کردووەوەتە ناڕەزایی ئێران لەو بابەتە بە جیدی بە باڵیۆزی عێراق لە ئێران گەیەندراوە.
لە کاردانەوە بە سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراق ب بەڵاکردنەوەی بەیاننامەیەک، سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، ئیدانە کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2019 دەری کردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێی وایە سووتاندنی کونسوڵخانەی گشتیی ئێرن لە نەجەف هەوڵێکە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ”بە توندترین شێوە“ سەرکۆنەی سووتاندنی کونسوڵخانەکە دەکات و رایگەیاندووە، ”کەسانی غەریب“ کونسوڵخانەکەیان سووتاندووە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هۆشداریی پێشوەختەی حکوومەتەکەی لە تێکدانی رێڕەو و ئامانجی خۆپیشاندانەکان کردووە و رایگەیاندووە، ئەوانەی کونسوڵخانەی ئێرانیان سووتاندووە ”ئەجێندای نانیشتمانی“یان هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کردووە ئاگادار بن و رێگا نەدەن ”کەسانی گومانلێکراو“ بچنە پاڵیان، کە ”ئامانجیان شێواندنی ناوبانگی خۆپیشاندەرانە“.
باسنيوز
