عەلی خامنەیی خۆپیشاندانەکان بە "پیلانێکی مەترسیدار" ناودەبات

عەلی خامنەیی خۆپیشاندانەکان بە
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین لێدوانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، ئاشکرای کرد لە ڕۆژانی ڕابردوودا "پیلانێکی زۆر مەترسیدارمان پووچەڵ کردەوە".

خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە بەسیج ڕای گەیاندووە: "پیلانێکی قووڵ و زۆر مەترسیدار کە ئەو هەمووە پارەی بۆ دابین کرابوو کە بتوانن لە کات و شوێنی پێویستدا کردەوەیەکی خراپەکارانە، ئاژوەگێڕی و مرۆڤکوژی ڕێک بخەن، کە لەڕێگەی خەڵکەوە پووچەڵ کرایەوە".

خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد: "بەرزبوونەوەی بەهای بەنزین ئەو دەرفەتەی بە دوژمنان دا تاکوو لەشکری خۆیان بهێننە ناو وڵاتەوە".

پاش بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین لە ئێران لە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی فراوان زیاتر لە 18 پارێزگای ئێرانی گرتەوە کە ئاڵۆزی و توندوتیژیی تێکەوت و بەپێی ئاماری ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانەوە 143 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە چوار هەزار و 800 کەسیش دەستگیر کران و زیاتر لە 40 کەس لە کوژراوەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.











باسنيوز
Top