دوای بەنزین، نرخی کەلوپەلیش لە ئێران بەرزدەبێتەوە
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش گرانبوونی نرخی کەلوپەل و کاڵاکانی پشتڕاست کردووەتەوە. لاریجانی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ئاماژەی بەوە کرد "هەندێک راپۆرتمان پێگەیشتوون کە بەشێک لە کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتیش کاڵا و کەلوپەلیان گران کردووە. لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش جگە لە نرخی گواستنەوە، نرخی کەلوپەلیش گران بووە".
گرانبوونی بەنزین نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی بەنزین، بەڵکوو رێژەی بەکارهێنانی بەنزینیش زیاتر بووە. دوای گرانبوونی بەنزین، زۆرترین نیگەرانیی خەڵک ئەوە بوو کە نرخی کەلوپەل و کاڵاکان بەرزببێتەوە. لە ئێستاشەوە وردە وردە نیشانەکانی دەرکەوتوون.
رێکخراوی تەعزیرات بەرپرسی چاودێری و کۆنترۆڵی بازاڕە، بەڵام ئەم دامەزراوەیە توانای پێویستی بۆ ئەم کارە نییە. بەپێی زانیارییەکان لە رۆژانی رابردوودا لە کرماشان کرێی گواستنەوە تاوەکوو 30% گرانبووە. هەروەها سەرەڕای هۆشداریی بەرپرسان، فرۆشیاران نرخی کاڵا و کەلوپەلەکانیان بەرزکردووەتەوە.
رامین پاڵەوانی، جێگری ژووری پیشەییەکانی کرماشان رایگەیاند "لە کرماشان 52 هەزار دوکاندار و یەکەی پیشەیی هەن، بەڵام تەنیا حەوت فەرمانبەریان بۆ چاودێریی بازاڕ هەیە".
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران رایدەگەیەنێت "بابەتی کۆنترۆڵی بازار و نرخەکان پرسێکی زۆر گرنگە. ئێمەش وەک دەزگای داد ئامادەین هاوکاریی حکومەت بکەین کە لەم بوارەدا بەرپرسیارێتیی سەرەکیی لەسەر شانە".
ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات "حکومەت بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە نابێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019 هیچ کاڵایەک و خزمەتگوزارییەک نرخەکەیان بەرزبکرێتەوە، بۆ نموونە سوتەمەنیی. رەنگە ئێوە بڵێن شوێنێک هەیە کە بەهۆی کاریگەریی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینەوە، نرخی کاڵاکەی بەرزبکاتەوە. ئێمە دەتوانین لەگەڵ ئەمانە بگەیەنە لێکتێگەیشتنێک کە لە مانگەکانی دەسپێکی ساڵی نوێدا نرخەکان بەرزبکاتەوە و ئێمە بەجۆرێک یارمەتیی دەدەین".
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایدەگەیەنێت کە گرانکردنی بەنزین نزیکەی 4% هەڵاوسان بەرزدەکاتەوە. ئەوەش واتە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان.
بەڵام وادیارە دەسەڵات لەکاتی بڕیاردان لەسەر نرخی بەنزین، چاوەڕوانی دەرەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی نەکردبێت کە بریتیبوون لە خۆپیشاندان، گرانی و تەنانەت بەکارهێنانی زیاتری بەنزین.
کەمال هادیانفەر، سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە ئێران 34 ملیۆن لیتر بووە، بەڵام ئێستا بۆ 105 ملیۆن لیتر بەرزبووەتەوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هاتنە ئارای ناڕەزایەتییەکان، پشتگیری لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین کرد و هۆکاری ئەوەی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بەکارهێنان گەڕاندەوە.
