پۆمپەیۆ: دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستین و پشتیوانیانین

پۆمپەیۆ: دەنگی خەڵکی ئێران دەبیستین و پشتیوانیانین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رژێمی ئێران دەستی بەسەر ئینتەرنێتتدا گرتووە، بەڵام لە رێگەی تێلەگرامەوە وێنە و ڤیدیۆی خۆپیشاندەرانیان بۆدەچێت و دەنگیان دەبیستن.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران رایگەیاند "لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بە وردی چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکەین و ئێرانییەکان جارێکی دیکە بەهۆی لاوازی بەڕێوەبردنی ئابووری دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هاتوونەتەوە سەر شەقام".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، ئێران بۆ ئەوە ئینتەرنێتی راگرتووە تاوەکو راستییەکان بشارێتەوە و خەڵکی نەتوانن زانیارییەکان بگەیێننە دەرەوە.

پێشتر پۆمپەیۆ داوای لە خەڵکی ئێران کردبوو وێنە و ڤیدیۆی خۆپیشاندان و تووندوتیژییەکانیان بۆ بنێرن، لەو بارەیەوە گوتی "ئەمڕۆ 27 هەزار نامەمان لەرێگەی تێلەگرامەوە پێگەیشتووە کە پێکهاتوون لە وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری لەبارەی تووندوتیژییەکانی حکومەتی ئێران دژی خۆپیشاندەران".

پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی بەرپرسن لە بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی خۆپیشاندەران "وەکو ئەوەی هەفتەی رابردوو بەسەر وەزیری گەیاندنی ئێراندا سەپاندمان".

ئەو وەزیرە ئێران بە ئەنجامدانی تووندوتیژی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی تۆمەتباردەکات و رایگەیاند "هەفتەی رابردوو ئێران مەسعود مەولەوی لە تورکیا کوشتووە".

مەسعود مەولەوی ئەفسەری پێشووی هەواڵگری ئێران بوو، بەڵام دژی رژێمی ئێستا بوو و لە ئێرانەوە چووبووە ئیستەنبووڵ. لە 14ـی ئەم مانگە تەقەی لێکرا و بریندارکرا و دوێنێ دووشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
Top