دو وڵاتی دیکەی کەنداو چونەناو هاوپەیمانییەتی پاراستنی گەروی هورمز
دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هێرشکرایە سەر ژمارەیەک کەشتی نەوت هەڵگر و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوان، گرژیی کەوتوەتە ناوچەی کەنداو، هاوکات جموجۆڵە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر هەستیار بون، ئەمریکاش هاوپەیمانێتییەکی دەریایی بۆ پاراستنی کەشتیە نەوتهەڵگرەکان دروستکردوە.
قەتەر و کوەیت بە ئەمریکایان وتوە، بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە دەریاییە دەکەن کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکات
جۆن کۆنکلین، فەرماندەی ئەرکانی دەریایی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، قەتەر و کوەیت بە ئەمریکایان وتوە، بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە دەریاییە دەکەن کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکات وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکان لە کەنداو.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریکردنی قەتەر و کوەیت لە هاوپەیمانێتیەکەدا تەنها کاتە، پێدەچێت ئەو دو وڵاتە بەلەمی بچوک و کۆمەڵێک خەڵک بۆ دیدەوانی پێشکەش بکەن.
ئەمریکا قسەی لەگەڵ کەنەداشدا کردوە بەمەبەستی بەشداری کردنیان لەم هاوپەیمانێتیەدا
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا رونیکردەوە، "ئەمریکا قسەی لەگەڵ کەنەداشدا کردوە بەمەبەستی بەشداری کردنیان لەم هاوپەیمانێتیەدا".
هاوپەیمانێتی دەریایی کە بەسەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێکهێندراوە هەریەکە لە وڵاتانی بەحرەین، سعودیە، ئیماڕات، و بریتانیا، ئەلبانیا و ئوستڕاڵیا تیایدا ئەندامن.
بە فەرمی مۆڵەتمان وەرگرت بۆ دامەزراندنی بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریایی ئەوروپی بەمەبەستی چاودێریکردنی جموجوڵەکانی کەنداو
دوێنێش فلورانس بارلی، وەزیری بەرگری فڕەنسا لەمیانی سەردانێکیدا بۆ بنکەی دەریایی ئاشتی فەڕەنسی لە ئەبوزەبی، بەبۆنەی تێپەڕبونی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو بنکەیەدا رایگەیاند، "بە فەرمی مۆڵەتمان وەرگرت بۆ دامەزراندنی بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی دەریایی ئەوروپی بەمەبەستی چاودێریکردنی جموجوڵەکانی کەنداو و لە ئێستادا لەسەر خاکی ئیمارات دروست دەکرێت".
هەفتەی رابردو حوسییەکانی یەمەن کە بە هاوپەیمانی ئێران دادەنرێت هێرشیانکردە سەر سێ کەشتی و 16 کارمەندیان دەستگیرکرد، کە بە رێڕەوەکانی یەمەندا تێدەپەڕین کە یەکێک لەوانە کەشتییەکی سعودی بوە و چوەتە سنورە ئاوییەکانی یەمەن.
هەرچەندە هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرپەرشی سعودیە توانیویەتی زۆرینەی ناوچە سنورییەکانی یەمەن کە دەڕوانە دەریای سور کۆنتڕۆڵبکات، بەڵام تا ئێستاش بنکەی دەریای حەدیدە کە گەورەترین بنکەی دەریای ئاوی یەمەنە لە ژێرکۆنتڕۆڵی حوسییەکاندایە.
خەندان
