ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران: وەزیری کشتوکاڵ دەستیلەکارکێشایەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران: وەزیری کشتوکاڵ دەستیلەکارکێشایەوە
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیینێت، مەحموود حوجەتی، وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەستیلەکارکێشاوەتەوە و سەرۆککۆماری ئێرانیش قبووڵی کردووە.

مەحموود حوجەتی، لەسەر داوای پەرلەمانی ئێران بڕیاربوو سبەی سێشەممە بچێتە پەرلەمان و ئامانج لەو بانگکردنەش وەرگرتنەوەی متمانە بوو لێی.

ئەکبەر رەنجبەر زادە، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران گوتی، لەبەرئەوەی وەزیری کشتوکاڵ دەستی لەکار کێشاوەتەوە، کەواتە کۆبوونەوەی تایبەت بە وەرگرتنەوەی متمانە لێی بەڕێوەناچێت.

ماوەیەک لەمەوبەریش راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مەحموود حوجەتی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ دوای ماوەیەکی کورت ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.

مەحموود حوجەتی لەکاتی هاتنەسەرکاری حەسەن رووحانییەوە وەزیری کشتوکاڵ بووە و پێشتریش وەزیری رێگەوبان بووە.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کشتوکاڵی پەسندکردووە و کردوویەتیە راوێژکاری کشتوکاڵ و خۆراکی خۆی.
Top