تورکیا بنکەیەکی سەربازی نوێ لە قەتەر دەکاتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەکان ئاماژەی بەوە کرد، "کۆبوونەوەی سەرکەوتوو و بەرهەمدارمان لەگەڵ هاوتاکانمان ئەنجامدا و خواستی خۆمان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان بە رێگەیەکی ستراتیژی دووپاتکردەوە".
هەر لەکاتی سەردانەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی بۆ سەربازانی تورکیا لەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، "لەکاتی کێشەکانی وڵاتانی کەنداو، سەربازانی تورکیا ئاشتی و ئاسایشیان بۆ خەڵکی قەتەر دابینکردووە".
ئەردۆغان هێزە هاوبەشەکانی تورکیا و قەتەری بە سیمبولی هاوڕێیەتی و هاوخەمی ناوبرد و راشیگەیاند "ئامادەبوونی ئێوە لێرە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی کەنداو دەکات و پێویست ناکات هیچ کەس بێزار بێت بە ئامادەبوونی ئێوە لەم ناوچە جوگرافییە".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە تەواوبوونی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە قەتەر کرد و رایگەیاند، ناوی ئەو بنکە نوێیە دەنێن، خالید بن وەلید، سەرکردەی دیاری موسڵمانان.
هەر لە سەردانەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەکەش حەوت رێککەوتن لەنێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆکران.
رێککەوتنەکانیش لەبوارەکانی، ئابووری، شارستانی، بازرگانی، پیشەسازی، تەکنەلۆژیادا بوون.
