خەڵکی هۆنگ کۆنگ وەک گشتپرسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەڕوانن

خەڵکی هۆنگ کۆنگ وەک گشتپرسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەڕوانن
دوای شەش مانگ لە خۆپێشاندانەکانی هەرێمی هۆنگ کۆنگ، ئێستا رەوشی وڵاتەکە ئارام بووەتەوە و ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت.

زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەکە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. خەڵک لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دۆخەکەیان هێورکردووەتەوە، چونکە ئەوان ئەم هەڵبژاردنە بە جۆرێک لە گشپرسی و دەرهێنانی هۆنگ کۆنگ لەژێر کاریگەریی چین دەزانن.

سیندی لی، بەربژێری ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری کۆولون رایگەیاند "ئەمە ئەو کاتەیە کە وا هەستدەکەم ئەوەی لە توانامدابووە کردوومە و خەڵکیش پێیدەزانن. ئەوان دەزانن کە ئەمە تەنیا خۆپیشاندانی ئەنجوومەنی شارەوانی نییە، بەڵکو ئەمە زیاتر لە گشتپرسی دەچێت".

بە بەشداریی هەزار و 90 بەربژێر و دەنگدانی چوار ملیۆن و 130 هەزار کەس بۆ 452 کورسیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هۆنگ کۆنگ بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24-11-2019 خەڵکی هۆنگ کۆنگ لە سەدان شاری جیاوازەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەچنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان.

ئالان لیۆنگ، راوێژکاری یاسایی هۆنگ کۆنگ لە کامپی دیموکراتی ئاماژە بەوە دەدات "بە دەنگدان بە بەربژێرەکانی کامپی دیموکراتی، هەموو دەنگدەرێک بە پەککین و بە کاری لام دەڵێن کە ئێمە دەسەڵاتی ئەوانەی شەش مانگی رابردوو لە هۆنگ کۆنگ بە پەسەند نازانین. پێیان دەڵێین بەڕاستی پۆلیس هۆنگ کۆنگی زۆر ناسەقامگیرکردووە و دەمانەوێت چاکسازییەکی تەواو لە دەسەڵاتدا بکەین".

حکومەتی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند رێوشوێنی تووندی ئەمنی بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان دەگرێتەبەر تاوەکو هەڵبژاردنەکان لە دۆخێکی جێگیردا بەڕێوەبچن، بەڵام هەر حاڵەتێکی لەناکاو رووبدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت.

پارتیی سەرەکی "پرۆچینی" ئەم هەڵبژاردنە وەک گشتپرسییەک بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان سەیردەکات، بەڵام پارتیی "پرۆدیموکراسی" رایگەیاندووە کە زۆربەی کورسییەکانی شارەوانییەکان دەباتەوە و دەسەڵات دەگرێتە دەست و کۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنێت کە خەڵک پێیانوایە لەژێر کاریگەریی چیندایە.

ئێستا لایەنگرانی پرۆدیموکراسی کە رێکخەری خۆپیشاندانەکان بوون، ئەنجوومەنی شارەوانیی 18 پارێزگایان بەدەستەوەیە. زیادبوونی هەر ئەنجوومەنێک بۆ خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ دەبێتە سەرکەوتن.
Top