میدیای سویدی ئابڕووچوونی وەزیرێکی عێراقی پشتڕاست دەکاتەوە
کەناڵی (SVT)ـی سویدی لە زاری تۆنی ئەریکسۆن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، نەجاح شەممەریی وەزیری بەرگریی عێراق هاووڵاتییەکی سویدە و لە ناوچەیەکی دەوروبەری ستۆکهۆڵم دادەنیشێت.
کەناڵەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە نەجاح شەممەری لە سوید لە ساڵی 2009 بە ناوێکی دیکە خۆی ناساندووە و مافی مانەوە (ئیقامە)ی وەرگرتووە و لە ساڵی 2015ش پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.
هەروەها رۆژنامەی (Nyheter Idag)ی ئەو وڵاتە بڵاوی کردووەتەوە، کە وەزیری بەرگریی عێراق بەڵگەی ساختەی پێشکەشی حکوومەتی سوید کردووە بۆ وەرگرتنی پارەی سۆشیال.
لە ساڵی 2006ـەوە یاسای عێراقی رێگا بە هاووڵاتییانی دەدا ببنە خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە، بەڵام بەرپرسانی باڵا دەبێ دەستبەرداری رەگەزنامە و پاسپۆرتی دووەم و زیاتر بن.
باسنيوز
