وەزیری بەرگری توركیا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا

 وەزیری بەرگری توركیا هۆشداریی دەداتە ئەمریکا


وەزیری بەرگری توركیا هۆشداریی دەداتە ئەمریكا و رایدەگەیەنێت ئەگەر ئەمریكا فڕۆكەی جەنگیی F35 بە تورکیا نەدات، توركیا رێگەی تر دەگرێتە بەر.

خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا، بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندووە، توركیا مافی خۆیەتی ببێتە خاوەن فڕۆكەی F35 و بۆ ئەو مەبەستە پارەی داوەتە ئەمریكا.

خوڵوسی ئاکار هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو فڕۆکەیە رادەستی تورکیا نەکەن، ئەوا ”رێگای دیکە دەگرینە بەر بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی“.

وەزیری بەرگریی تورکیا بەرگری لە کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی کردووە و رایگەیاندووە، سیستەمی دژەمووشەکیی پاتریۆتی ئەمریکی بۆ تورکیا گونجاو نەبووە، بۆیە سیستەمە رووسییەکەیان کڕیوە.

لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.

ئەمریکا چەند جارێک هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری کڕینی ئەو مووشەکە رووسییە، چەندین سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت و یەکێک لە سزاکانیش، راگرتنی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F35 بوو بەو وڵاتە.

لە رۆژی12-7-2019ـەوە، رادەستکردنی کەلوپەلەکانی سیستەمە مووشەکییەکە بە تورکیا، دەستی پێ کردووە.







باسنیوز
Top