كلیچدارئۆغلو لەسەر دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە هاتە دەنگ

كلیچدارئۆغلو لەسەر دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە هاتە دەنگ
كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، پێی وایە دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە دژی دیموكراتییە و لە هەمان كاتیشدا دەسەڵات دەیەوێت بە هاووڵاتیان بڵێت ئێوە ئیرادەتان هیچە و حیسابی بۆ ناكەم.

كلیچدارئۆغلو لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا هێرشی توندی كردە سەر ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغان.

ئەو لەبارەی دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە قسەی كرد و دەڵێت ئەوەی بەوان دەكرێت زوڵمە و پێویستە رێگەی لێ بگیرێت.

ئەو دەڵێت: "ئەوەی بیەوێت خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكی شارەوانی، سەرەتا دەچێتە دادگا و ئەستۆپاكی خۆی دەسەلمێنێت، كە دادگا ڕێگەی پێ دا، پاشان دەچێتە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و ئەوانیش لە كەسایەتیی دەكۆڵنەوە، كە لەو فلتەرەش تێپەڕی ئەوكات بۆی هەیە خۆی كاندید بكات. باشە كەسێك بەو فلتەرانە تێپەڕیبێت، ئایا دەكرێت تۆ تۆمەتی بخەیتە پاڵ و پاشان لە سەرۆك شارەوانی دووری بخەیتەوە؟ ببوورن ئەوەی دەكرێت هەڵەیە و دژی دیموكراتییە لە توركیا".

باسی لەوەش كرد، كە لە دنیادا توركیا بە وڵاتێكی دژە دیموكرات ناسراوە، كە حەقی خۆیانە وا بڵێن چونكە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانەی دەسەڵات دەبینن.

كلیچدارئۆغلو ئاماژەی دا، كە توركیا كەوتووەتە بوارێكەوە هیچ كەسێك گیانی سەلامەت نییە و گیانی پارێزراو نییە، ئەمەش كارەساتە و زیانی گەورەی بەدوادا دێت.
Top