بێرنارد کۆشنێر: پووتین بەرپرسیاری سەرەکی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

بێرنارد کۆشنێر: پووتین بەرپرسیاری سەرەکی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
وەزیری دەرەوەی پێشووتری فەرەنسا رایدەگەیێنێت، هەموو وڵاتان لەسەر داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕیانە و رووسیا بە هۆکاری سەرەکی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە دەزانێت.

لە پەراوێزی بەشداریکردنی دیداری ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدهۆک، بێرنارد کۆشنێر، وەزیر دەرەوەی پێشووتری فەرەنسا راگەیاند "لە سەر داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو وڵاتان شەڕی یەکدی دەکەن، ئەو شەڕەش کۆتایی دێت، بەڵام کەی؟ ئەوەیان نازانم".

کۆشنێر لەبارەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد "بە من بڵێ داهاتوی ئێران لەگەڵ سعودیە، تورکیا و ئوردن چ جیاوازییەکی هەیە؟ کێ بەرپرسیارە لە رەوشی سووریا؟ بە بۆچوونی من پووتین بەرپرسە لە هەموو ئەمانە، چونکە ئەو پاشای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

هەر لە دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ساڵی 2014 کوردستان رووبەڕووی زۆر قەیران بووەوە و عێراق لە خراپترین دۆخدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، شەڕی داعش شۆکێک بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. دواتر ژمارەیەکی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و وەک دەبینین ئێستا کە دهۆک یەکێکە لەو شارانەی پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە کردووە".

سەبارەت بە داواکاری خۆپیشاندەران، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "خەڵک ئێستا دەیەوێت کێشە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ چارەسەربکرێت، چونکە ئەوان چیدیکە گرنگی بەو بابەتانە نادەن کە دەرەکین، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە خۆشگوزەرانی و خزمەتە".

ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2019 دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت.
Top