پەرلەمانی توركیا دان بەوەدا دەنێت زەیتوونی عەفرین دەدزن

پەرلەمانی توركیا دان بەوەدا دەنێت زەیتوونی عەفرین دەدزن
ئەندام پەرلەمانێكی سەر بە (جەهەپە) لەناو پەرلەمانی توركیا بە دەنگی بەرز دەڵێت سوپای سووریای ئازاد و توركیا زەیتوونی عەفرین دەهێننە توركیا و لە توركیاشەوە هەناردەی دەرەوەی توركیای دەكەن و پارەكەش بۆ خۆیان دەبەن.

لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆ لەبارەی بودجەی ٢٠٢٠ دەستی پێ كردووە، بۆیە ئونال چەڤیكۆز ئەندام پەرلەمانی جەهەپە بە دەنگی بەرز لەناو پەرلەمانی توركیا سوپای سووریای ئازادی بە دزینی زەیتوونی عەفرین تۆمەتبار كرد.

ئونال گوتی: "لە عەفرین سوپای سووریای ئازاد كە توركیا بە سوپای میللی توركیای دادەنێت، زەیتوونی عەفرین دەدزن و دەیهێننە توركیا، توركیاش بۆیان هەناردەی دەرەوەی توركیا دەكات و پارەكەیان دەداتێ".

عەبدوللەتیف شەنەر ئەندام پەرلەمانی سەر بە ئاكەپە، بە توندی لەسەر ئەو گوتانە هاتە دەنگ و دانی بەوەدا ناوە, بەڵێ زەیتوونی عەفرین دەهێنرێتە توركیا و لە توركیاشەوە بۆ دەرەوە هەناردەی دەكەن.

ئەو ئاماژەی بەوەش داوە: "ئێمە زەیتوونی عەفرین بۆ پەكەكە بەجێ ناهێڵین و بە دڵنیاییەوە دەیهێنین بۆ توركیا، هەروەها ئەو سوپایەی تۆ بە دزی دەچوێنێ، ئەو سوپایە چەندین شەهیدی داوە بۆ توركیا".

ئونال لە بەشێكی تری قسەكانیدا رەخنەی توندی لە حكوومەتی ئاكەپە گرت، بەوەی بە شێوەیەك خۆیان دەردەخەن لە خاكی سووریا، كە هەموو دنیا دەزانێت توركیا نییەتی نییە سووریا بەجێ بهێڵێت و ئەمەش پێشێلكردنی خاكی سووریایە.

ئوغور ئایدەمیر ئەندام پەرلەمانی سەر بە ئەكەپە، ئەویش لەناو پەرلەمانی توركیا دانی بەوەدا نا كە زەیتوونی عەفرین لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە دەهێنرێتە توركیا و ئەوانیش بۆیان دەفرۆشن.

ئایدەمیر ئاماژەی بەوەش داوە، كە زەیتوونی عەفرین دەهێنرێتە توركیا و توركیاش بۆیان دەفرۆشێت، چونكە ئەگەر توركیا ئەو زەیتوونە وەرنەگرێت و بۆیان نەفرۆشێت، ئەی چۆن زەیتوونەكە دەبێتە پارە و هاووڵاتیانی عەفرین سوودی لێ دەبینن؟

بەڵام ئوناڵ بڕوای بەو قسانە نییە و دەڵێت بەڵگەی لایە زەیتوونەكە دەدزرێت و بە هیچ شێوەیەك هاووڵاتیانی عەفرین سوودی لێ نابینن.

عەفرین یەكێكە لەو شارانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە زەیتوون دەوڵەمەندە، بەر لە بەرپابوونی شەڕی ناوەخۆ لە سووریا، بە تەنیا عەفرین زەیتوونی هەموو سووریای دابین دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی سوپای توركیا و سووریای ئازاد پەلاماری ئەو شارەیان دا، سەدان دار زەیتوونیان سووتاند و لەناویان برد، بۆیە بەرهەمی زەیتوون لە عەفرین وەكوو جاران نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ هاووڵاتییانی شارەكە.













باسنيوز
Top