پارتی سەوزی ئەڵمانیا داوای سزادانی توركیا دەكات

 پارتی سەوزی ئەڵمانیا داوای سزادانی توركیا دەكات


پارتی سەوزی ئەڵمانیا، كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت، بەهۆی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، داوا لە حكوومەتی ئەڵمانیا دەكات سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

دوێنێ یەکشەممە پارتی سەوزی ئەڵمانیا كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەی بەست، پاشان لە بەیانامەیەكدا داوای لە حكوومەتی ئەڵمانیا كرد، كە ئەو رێككەوتنەی ئەورووپا لەگەڵ توركیای كردووە بۆ مەبەستی رێگەگرتن لە هاتنی شەپۆلی پەنابەران بۆ ئەورووپا هەڵبوەشێنێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی، پارتی سەوز داوای لە ئەڵمانیا كردووە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدات رێگە لە توركیا بگرێت بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، هەروەها داوای كردووە ئەڵمانیا سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

پارتی سەوز داوا لە حكوومەت دەكات، بە هەموو شێوەیەك فرۆشتنی چەك بە توركیا رابگرێت، هەروەها ئەو كەلوپەلانەی هەناردەی توركیای دەكات، باجی لەسەر زیاد بكات.

پارتی سەوزی ئەڵمانیا توانی لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا، ٢٢٪ی دەنگەكان بهێنێت، بەمەش سەلماندی كە لە ئەڵمانیا قورساییەكی جەماوەریی زۆری هەیە.







باسنيوز
Top