کوردی رۆژئاوای کوردستان بەربژێرە بۆ کەسایەتی ساڵی گۆڤاری تایم
گۆڤاری تایم نووسیویەتی، "دەبێت کێ ببێتە کەسایەتی ساڵی 2019ی تایم؟ دەمانەوێت گوێمان لە ئێوە بێت. دەنگ بدەن بۆ ئەو کەسەی یان ئەو گرووپە خەڵکەی کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر رووداوەکانی ساڵ هەبوو، ئیدی ئەگەر بە باش بووبێت یان خراپ".
کوردی رۆژئاوای کوردستانیش یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ بوون بە کەسایەتی ساڵی گۆڤارەکە.
هەر لە ناو بەربژێرەکاندا چەند گرووپێکی دیکەش هەن، لەوانەش کۆچبەران، ئەو کەسانەی لە چەند مانگی رابردوودا رژانە سەر شەقامەکان بۆئەوەی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کاری جیدی بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن و خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ.
لەناو بەربژێرەکاندا ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانیش دەبیندرێن، لەوانەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جەستین ترودو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا و عەلی خامەنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تایم دەڵێت، لە یەکەمین هەفتەی مانگی داهاتوودا براوەی راپرسییەکە رادەگەیێندرێت و رۆژی 11ی مانگی کانوونی یەکەمیش کەسایەتی ساڵ ئاشکرا دەکەن کە لە لایەن هەواڵسازانی گۆڤارەکەوە هەڵدەبژێردرێت.
