سوپای پاسداران: نزیکەی هەزار کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون

سوپای پاسداران: نزیکەی هەزار کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون
سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆری ئەمنی لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆش خۆپیشاندان دژی گرانکردنی بەنزین بەڕێوەچوو. سوپاسی پاسدارانیش ئاماژە بە دەستگیرکردنی هەزار کەس لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا دەکات.

خۆپیشاندەران لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و داوایانکرد، حکومەت بڕیاری خۆی لەبارەی گرانکردنی بەنزین بگۆڕێت و دۆخەکە وەک چەند رۆژێک پێش ئێستا لێبکاتەوە.
بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و کوژراو و بریندار هەن.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شاری مەریوان راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 17-11-2019 خۆپیشاندەران فەرمانگەی پەروەردە و بانکی میللیان سووتاند و لە ئەنجامی دروستبوونی گرژیش لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران، چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.

هەروەها عەدنان حەسەنپوور، رۆژنامەڤان لە مەریوان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەنێوان شەش بۆ 10 کەس لە مەریوان کوژراون و چەندین بانک و فرۆشگە سووتێندراون کە خەڵک دەڵێن هی سوپان.

بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، دەیان کەس لە مەریوان دەستگیرکراون و لە چەند گەڕەکێکیش دەنگی تەقە دەبیسترێت.

لە شاری کرماشانیش، گرژی دروستبوو و ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون، لەوانەش فەرماندەیەکی پۆلیس بەناوی ئیرەج جەواهیری.

فەرماندەی پۆلیسی لوڕستانیش دانی بەوەدانا، لە شاری خوڕەمئاوا ژمارەیەک کەس دەستبەسەرکراون.

لە زۆربەی شارەکانی ئێرانیش، خۆپیشاندان درێژەی هەیە و فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسدارانیش دەڵێت، خۆپیشاندانەکان زیانی گەورەیان هەبووە.

بەگوێرەی میدیای سەر بە سوپای پاسداران

- لە 100 شوێن خۆپیشاندان ئەنجامدراوە
- تەنیا لە یەک پارێزگا زیاتر لە 100 بانک سووتێندراون
- لە خوزستان، تاران، فارس و کرمان زۆرترین زیان بە کەرتی گشتی گەیشتووە
- زۆرترین هێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازی و کۆگا نەوتییەکان بوون
- نزیکەی 1000 کەس دەستگیرکراون

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانیش، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە زمانێکی تووند بەرامبەر بە خەڵکی بەکاردەهێنن و هۆشدارییان پێدەدەن لە ئەگەری درێژەدان بە خۆپیشاندان.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، هێزەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران رێکخەری ناڕەزایەتییەکانن؛ وەزیری ناوخۆش دەڵێت، سوود لە کامێراکانی چاودێری وەردەگرن بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی رێبەرایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن.

عەبدولرەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت "چەندین کامێرا لە سەرتاسەری شارەکان ڤیدیۆ تۆماردەکەن، کامێرا لەنێو جەنجاڵییەکانیشدا هەن، دوای ناساندنەوەی ئەو خەڵکە، لەکاتی خۆیدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. خوا یاریدەدەر بێت، پێویست ناکات ئەو هێزە تایبەتە بەکاربێنین کە بۆ دۆخە تایبەتەکاندا بەکاریان دەهێنین. بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوانە بەکاریدەهێنین کە پشێوی دەنێنەوە و یاسا دەشكێن و ناسەقامگیری دروستدەکەن."

بەڵام خەڵکی دەڵێن، دەرفەتی کار و داهاتیان کەمە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆربەی شتەکان گرانبوون و ئەمجارەش بەنزینی هاتەسەر و ئەوەش هۆکاری توڕەییانە.

عەلی ساڵحی، شۆفێری تاکسی دەڵێت "من شۆفێری تاکسیم. ئەم بابەتی گرانییە تەنیا گرانی بەنزین نییە، بەڵکو کێشەی دیکەش لەگەڵ خۆی دەخوڵقێنێت. ئۆتۆمبیلەکەم مانگانە پێویستی بە 200 لیتر بەنزین هەیە. من وەک شۆفێرێکی تاکسی چیبکەم؟ داوا لە بەرپرسان دەکەم چاوێک بە بڕیارەکە بخشێننەوە و لەم کێشەیە رزگارمان بکەن".

هاوکات پەرلەمانتارێکی کوردیش لە پەرلەمانی ئێران دەستیلەکارکێشایەوە.

محەممەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "کاتێک سەرۆکی پەرلەمان بێ راوێژ بە پەرلەمانتاران سەبارەت بە نرخی بەنزین بڕیاردەدات، کەواتە بۆچوونی ئێمەی نوێنەرانی خەڵک گرنگ نییە و هەربۆیە بوونی ئێمە لە پەرلەمان هیچ واتایەکی نییە".
Top