رەزا پەهلەوی، کوڕی محەمەد رەزای کۆتا شای ئێران : تاکە چارەسەر بۆ رەوشی ئێران رووخاندنی سیستەمی حکومڕانیی ئەو وڵاتەیە
کوڕی گەورەی شای لەکار لادراوی ئێران چارەسەرێک بۆ رەوشی ئێران دیاری دەکات و پێی وایە ”تاکە چارەسەر“ـە.
رەزا پەهلەوی، کوڕی محەمەد رەزای کۆتا شای ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەردەبڕێت.
رەزا پەهلەوی رایگەیاندووە، رژێمی ئیسلامیی ئێران بەڵێنی پێشکەشکردنی ئاو و کارەبای بەخۆڕایی بەسەر گەلەکەی دابوو، کەچی ئێستا نەوت بە کەسانی دەرەوەی ئێران دەبەخشێت و هەژاری و کارەساتی بۆ گەلەکەی کردووەتە خۆڕایی.
رەزا پەهلەوی، کە ئێستا لە ئەمریکا دەژی، پێی وایە تاکە چارەسەر بۆ رەوشی ئێران رووخاندنی سیستەمی حکومڕانیی ئەو وڵاتەیە و داوا دەکات هەمووان کار بۆ ئەو ئامانجە بکەن.
هەروەها فەرەح پەهلەوی، هاوسەری محەمەد رەزا شا رایگەیاندووە، ”ئێرانییەکان مافی خۆیان خۆپیشاندان دژی ئەو بڕیارانە بکەن، کە ژیانیان سەخت دەکات“.
شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بە سەرکردایەتیی ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی، لە ساڵی 1979 کۆتایی بە سیستەمی شاهانەی وڵاتەکەی هێنا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند. لەو کاتەوە خێزانی شاهانە وەک پەنابەر لە دەرەوە دەژین.
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی ئێران دژی گرانکردنی نرخی سووتەمەنی لە شەوی هەینی 15-11-2019ـەوە لە شارەکانی تارانی پایتەخت، مەشهەد، ئابادان، شیراز، ئەهواز، بێهبەهان، سیرجان، خوڕەمشەهر و موحەممەرە دەستی پێ کردووە.
باسنيوز
