پۆمپەیۆ: تاوەکو هەڕەشەکانی ئێران لەناونەبەین بازنەی گرژییەکان بەردەوامدەبن

پۆمپەیۆ: تاوەکو هەڕەشەکانی ئێران لەناونەبەین بازنەی گرژییەکان بەردەوامدەبن
لەگەڵ دروستبوونی خۆپیشاندانەکان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تاوەکو هەڕەشەکانی ئێران لەناونەبەن، بازنەی گرژییەکان بەردەوامدەبن.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت، "ئێران نایەوێت ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت".

ئاراستەی تویتەکانی پۆمپەیۆ زیاتر بۆ هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئێران گرووپی جیهادی ئیسلامی تیرۆریستی فەڵەستین بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانە گەورەکەمان کە ئیسرائیلە، بەکاردەهێنێت.".

وەک پۆمپەیۆ لە تویتەکانیدا ئاماژەی پێداوە،''ئێران نایەوێت فەڵەستینییەکان لە ئاشتیدا بژین، شەڕی زیاتری دەوێت".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتانی جیهان ناتوانن چیدی داوای ئاشتی بکەن ئەگەر هەڕەشەکانی ئێران بەمشێوەیە بێ وەڵام بمێننەوە.

ئەم تویتانەی ئێران دوو رۆژ دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە جیهادییەکانی فەڵەستین و هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دێت کە لە رۆژی هەینییەوە دەستیان پێکردووە.

خۆپیشاندانەکان لە دژی گرانکردنی نرخی بەنزین دەستیان پێکردووە.

ئەمریکا پێیوایە ئێران بەهۆی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە 2015ـەوە لەنێوان وڵاتانی 5+1 واژۆی لەسەرکراوە، پارەی خەیاڵی گەورەی دەستکەوتووە و دەینێرێت بۆ گرووپە تووندئاژۆکان لە یەمەن و فەڵەستین و سووریا.

ترەمپ لە 8ی ئایاری 2018 کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی راگەیاند و کامپەینی گەورەترین گوشاری بۆ سەر ئێران بە سەپاندنی کۆمەڵە سزایەک دەستپێکرد، لە 8ی نیسانی 2019 سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.

لە 8ی ئایاری 2019، ساڵێک دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کۆمەڵە گوشارێکی دیکەی بۆ سەر ئێران راگەیاند، گوشارەکان کەرتی پیشەسازی ئاسن و سەرچاوە داراییە ناپترۆلییەکانی گرتەوە.
Top