دیپلۆماتێکی پێشووی توركیا: سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا بێ ئەنجام بوو

 دیپلۆماتێکی پێشووی توركیا: سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا بێ ئەنجام بوو
سەركونسوڵێكی خانەنشینكراوی توركیا، كە لە هەمانكاتدا نووسەریشە، پێی وایە سەردانەكەی رەجەب تەییب ئەرۆدغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەمریكا، ئەگەرچی كردنەوەی دەرگایەكی باشی گفتوگۆ بوو لە نێوان توركیا و ئەمریكا، بەڵام لە هەمانكاتدا بێ ئەنجامیش بوو.

ولوچ ئۆزولكار سەركونسوڵی خانەنشینكراوی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركی، هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا كردووە.

ولوچ دەڵێت: "سەردانەكەی ئەردۆغان لەلایەك سەركەوتوو بوو و لەلایەكی تریشەوە بێ ئەنجام بوو بۆ توركیا. ئەردۆغان بەو سەردانەی توانی كەشوهەوایەكی نەرم و دەرگای گفتوگۆ بكاتەوە، هەروەها دەستی دۆستایەتی بۆ ئەمریكا درێژ كرد، بەڵام لەلایەكی ترەوە بۆ توركیا بێ ئەنجام بوو و دەسكەوتی نەبوو".

لە بەشێكی‌تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش داوە لە هەموو ئەگەرێكدا نابێت توركیا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمریكا تێك بدات و پێویستە بەردەوام پەیوەندیی باش بێت، بەڵام ناشیشارێتەوە كە ناكۆكییەكانی ئەمریكا و توركیا لەسەر چەند پرسێكی گرنگ ئەوەندە گەورەیە کە چارەسەركردنی بە شێوەیەكی زۆر مەحاڵە و گرانیشە.

هەفتەی پێشوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆامری تورکیا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێ کرد.



باسنيوز
Top