ئەردۆغان بەتەمایە کەسێکی نزیکی خۆی بکاتە سەرۆکی مەهەپە

 ئەردۆغان بەتەمایە کەسێکی نزیکی خۆی بکاتە سەرۆکی مەهەپە


دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی میللیگەرا (مەهەپە)، بەهۆی خراپیی تەندروستییەوە، ناتوانێت وەكوو جاران ئەركی سەرۆكی پارت جێبەجێ بكات، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەیەوێت لە شوێنی ئەو كەسێكی نزیكی خۆی بكاتە سەرۆكی مەهەپە.

ئەحمەد تاكان كە پێشتر راوێژكاری عەبدوڵا گویل ١١ەمین سەرۆك كۆماری توركیا بووە، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، باس لە چەند ئەگەرێك دەكات بەلای خەڵكەوە زۆر نامۆ و مەحاڵە، بەڵام ئەو بە مەحاڵی نازانێت.

تاكان باس لە خراپیی رەوشی تەندروستیی باخچەلی دەكات، پێشی وایە ئەو ناتوانێت وەكوو سەرۆكی مەهەپە كارەكانی رایی بكات، بۆیە ئەردۆغان بۆ ئەوەی بەتەواوی مەهەپە بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، بەتەمایە كەسێكی نزیكی خۆی، كە ئێستا لە كابینەكەیدا پلەی وەزیری هەیە، بکاتە سەرۆكی مەهەپە، بەمەش تەواوی ئەو پارتە دەكەوێتە ژێر ركێفی خۆیەوە.

مەهەپە و ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا هاوپەیمانن، بە هەردووكیشیانەوە زۆرینەی پەرلەمانیان پێكهێناوە، بۆیە بە نەخۆشكەوتنی باخچەلی، ئەردۆغان هەلێكی زێڕینی بۆ هاتووەتە پێشەوە تا بتوانێت كۆنتڕڵی مەهەپە بكات.

ئەحمەد تاكان وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی گەورەی ناو ئاكەپە كردووە و ئەو بەرپرسە چەند زانیارییەكی پێی داوە.

بە گوێرەی گوتەی ئەو بەرپرسەی ئاكەپە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێت رێگە لە عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغلو بگرێت تا نەبنەوە جێگرەوەی ئاكەپە، یەكێك لە وەزیرانی كابینەكەی خۆی رادەسپێرێت پارتێكی تازە دروست بكات، بەمەش دەیەوێت جەماوەری باباجان و داودئۆغلو بۆ لای ئەو پارتە تازەیە رابكێشێت، تا لەو رێگەیەوە باباجان و داودئۆغلو لاواز بكات.

تاكان لە وتارەكەیدا بە خوێنەراەكانی دەڵێت، بە لاتانەوە سەیر نەبێت، ئەو ٢ دەنگۆیەی باسم كرد هەمووی راستییە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.




باسنيوز
Top