جەیمس جێفری: سەرکەوتن لەشەڕی دژی داعش لەژێر هەڕەشەدایە

جەیمس جێفری: سەرکەوتن لەشەڕی دژی داعش لەژێر هەڕەشەدایە
نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، واشنتن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان خۆشحاڵ نییە و چەندینجاریش بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لەوبارەوە دەربڕیوە.

جەیمس جێفری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە واشنتن گوتیشی، لەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە رۆژی 9ی مانگی رابردوەوە تاوەکو ئیستا، چەندینجار بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵی جیدییان داوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە و راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەدا.

نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان تەنیا گۆڕانکاری نییە کە لە ماوەی ئەم 35 رۆژەی رابردوودا لە سووریا روویداوە، بەڵکو واشنتن زۆر نائاسوودەیە بە چوونی هێزەکانی حکومەتی سووریا و رووسیا بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.

جێفری گوتیشی، واشنتن لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعشیش نیگەرانە و هەربۆیەش ئەم بابەتانە لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەوردی تاوتوێکران.

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا هۆشداریی دا لەوەی ئەو سەرکەوتنەی لە شەڕی دژی داعش بەدەستهاتووە لەژێر هەڕەشەدایە و، گوتی: "بەڵام ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێکەوە کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە و ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە".
Top