مایک پۆمپەیۆ: یارمەتی ئاوارەکانی عێراق دەدەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان

مایک پۆمپەیۆ: یارمەتی ئاوارەکانی عێراق دەدەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش بەردەوام دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەرباز لە چەند ناوچەیەکی سووریا دەهێڵێتەوە، لەوانەش رۆژئاوای کوردستان و ناوچەی تەنف.

مایک پۆمپەیۆ بە وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای دیکەی زیاتر لە 30 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی راگەیاند، دەبێت ئامادە بن چەکدارانی دەستگیرکراو وەربگرنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئاوارەکانی عێراق بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ناتوانین ئێستا بووەستین. پێویستە دڵنیابین کە جارێکی دیکە داعش بەهێزنابێتەوە؛ ئەو کارەش بە ئەنجامدانی دادپەروەری بۆ ئەوانە دەکرێت کە شیاوی ئەوەن. پێویستە ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو هەزاران چەکدارە وەربگرنەوە کە دەستگیرکراون و دادپەروەرییان بەرامبەر جێبەجێبکەن بۆ ئەو تاوانە قێزەونانەی ئەنجامیان داون. هەوڵەکانی ئێمە بۆ یارمەتیدانی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان؛ گەڕانەوەی خۆویستانەی زیاتر لە 4.3 ملیۆن کەسی سڤیل بەردەوامە و دەمانەوێت هەموویان بگەڕێنەوە. هەربۆیە دەبێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خەرج دابینبکات بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە گرنگەکان. هەموومان دەبێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش یارمەتیدەربین".

سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆش رایگەیاند، راستە سەرکەوتنی گەورە لە شەڕی دژی داعشدا بەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا هەڕەشەی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە ماوە.

یانس ستۆڵتنبێرگ گوتیشی، بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەستیارە، بەڵام دەبێت دەستکەوتەکان نەخرێنە مەترسییەوە. ئەو دەڵێت: "روونە کە جیاوازی لە نێوان هاوپەیمانەکانی ناتۆدا لەبارەی بارودۆخی ئەو ناوچەیە هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا هاوڕاین کە پێویستە ئەو دەستکەوتانە بپارێزین لە شەڕی دژی دوژمنە هاوبەشەکەمان کە داعشە بەدەستمان هێناون".

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی 2014 دامەزرا، 81 ئەندامی هەیە و لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەیشدا ئەندامە بەشداربووەکانی رایانگەیاند، پێکەوەکارکردنیان بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش بەردەوام دەبێت.
Top