میدیای ئەمریکا رەخنە لە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان دەگرن
ماڵپەڕی فۆرین پۆڵیسی دەنووسێت، سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان گاڵتە بە رێککەوتننامە رۆژئاواییەکان دەکات، کەرەستەی سەربازیی رووسی دەکرێت، رۆژنامەڤانان زیندانی دەکات، ئۆپەراسیۆنێکی خوێناوی بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، دەنگۆی ئەوەش هەیە رێگە بە هێزە سوورییە نزیکەکانی دەدات بۆئەوەی تاوانی جەنگ ئەنجام بدەن، بەڵام ترەمپ بەشێکی زۆری گوتەکەی بۆ پیاهەڵدانی بەودا تەرخانکرد.
ماڵپەڕی هەواڵیی "ڤۆکس"یش بابەتێکی لەژێر ناونیشانی "ترەمپ دەریخست کە لە تورکیا تێناگات، ئەوەش کاتێک لە تەنیشت سەرۆکی تورکیا وەستابوو" بڵاوکردووەتەوە.
لە بەشێکی بابەتەکەدا هاتووە، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بەهۆشیارییەوە لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کۆشکی سپی قسەیانکرد و ئاماژەیان بەوەکرد، کاتی کۆبوونەوەکە نەگونجاوە، چونکە تەنیا یەک مانگە ئەنقەرە باکووری رۆژهەڵاتی سووریای کۆنتڕۆڵکردووە و وادیارە، دەبوایە سەرۆک ترەمپیش گوێی لە ئامۆژگارییەکانیان بگرتایە".
ڤۆکس دەنوسێت، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ترەمپ لە تەنیشت ئەردۆغان وەستابوو و رێگەی پێدا بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی بەلایەوە گرنگ بوو. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا روونبوەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو یان کەمتەرخەمە بەرامبەر ئەوەی لەناو تورکیا روودەدات.
هەندێک لە میدیاکانی دیکەش قسەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغانیان وەک بابەتێکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵدا کرد، ئەویش گوتەکەی ئەردۆغان بۆ گەڕانەوەی ئەو نامەیەی سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لە رۆژی 9ی مانگی رابردوودا بۆی ناردبوو و تێیدا داوای لێکردبوو، پێکەوە کاربکەن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک تاوەکو رێگە لە کوشتاری خەڵکێکی زۆر لە رۆژئاوای کوردستان بگیرێت.
