نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی زانکۆی واگینگنی هۆڵەندای کرد

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی زانکۆی واگینگنی هۆڵەندای کرد
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانیدا لە یەکێتیی ئەوروپا و بە مەبەستی وەڕێخستنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم سەردانی زانکۆی واگینگنی هۆڵەندای کرد.

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی لە یەکێتی ئەوروپا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زانکۆی واگینگنی هۆڵەندای کرد، کە تاکە زانکۆی هۆڵەندییە گرنگییەکی تەواو بە زانستە کشتوکاڵییەکان و خۆراک و ژینگە دەدات و بە مەبەستی وەڕێخستنی هەماهەنگی و هاوکاری بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خاتوو لویس فریسکۆ، سەرۆکی زانکۆکە کۆ بووەوە.

کارکردن بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، یەکێکە لە کار و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە. لە کۆبوونەوەکەدا، د. دلاوەر ئاژگەیی و خاتوو لویس فریسکۆ هەل و دەرفەتەکانیان تاوتوێ کرد بۆ وەڕێخستنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆی واگینگن و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها هەماهەنگی لە نێوان زانکۆی واگینگن و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەکادیمی و توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆی ناوبراو لە بواری کشتوکاڵ و خۆراکدا.

د. دلاوەر ئاژگەیی دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرجەم دامەزراوە ئەهلی و حکوومییەکانی دەرەوە دەکات، تاکو بێن و کار و چالاکیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن، بۆیە داوای لە زانکۆی ناوبراو کرد، یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دروستکردنی تاقیگەیەکی پێشکەوتووی کشتوکاڵی و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی کشتوکاڵی لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان. هەروەها بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێم بە هۆڵەندا بناسێنێت و هاوکار بێت لە دۆزینەوەی ئەو بازرگان و کۆمپانیا هۆڵەندییانەی کە خوازیاری کڕینی بەروبوومە کوردییەکانن.

لە بەشێکی تریشدا، د. ئاژگەیی تیشکی خستەسەر ڕەخساندنی دەرفەت بۆ قوتابییانی هەرێم، تاکو سوودمەند بن لەو پڕۆگرام و خولی زانستی و ئەکادیمییەی کە ساڵانە زانکۆی واگینگن لە ڕێگای پرۆژەی جیاواز و بێبەرامبەرەوە دەیبەخشێت.
Top