هۆشداری خۆپیشاندانی توند لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ واشنتن دەدرێت
ئەم داوایەی ئەو رێکخراوانە لەکاتێکدایە، دووساڵ لەمەوبەر کاتێک ترەمپ پێشوازی لە ئەردۆغان کرد، پاسەوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و چاوسوورکردنەوە تۆمەتبارکران.
کۆمیتەی نیشتمانی ئەرمەنییەکان یەکێکە لەو گرووپانەی کە داوایان لە کۆنگرێس کردووە نامەیەک بۆ وەزارەتی دەرەوە و پۆلیسی میترۆپۆلیتانی کۆلۆمبیا بنێرن، لە نامەکەدا سەلامەتی خۆیشاندەران و ئازادی رادەربڕین لەبەرچاوبگیرێ.
نامەکەی کۆنگرێس لەلایەن دان کرینشەو کە کۆنگرێسمانێکی کۆمارییە، سەرپەرشتی دەکرێت و دەگوترێت رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە.
بڕیاڕە رێوشوێنێکی ئەمنی تووند بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆلای ترەمپ بگیرێتەبەر، ئەمەش دوای ئەوەی هێزی ئەمنی واشنتن لە دوایین سەردانی ئەردۆغان کەوتە بەر لێشاوی رەخنە کە گوایە پارێزگاریان لە خۆپیشاندەران نەکردووە کاتێک پاسەوانانی ئەردۆغان هێرشی کردوونەتەسەر.
سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەمریکا کە بڕیارە سبەی 13ـی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بووەتە رۆژەڤی شەقامی ئەمریکی و دەسەڵاتدارانیش، دوێنێش ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس داوایان لە ترەمپ کرد لەم کاتەدا پێشوازی لە سەرۆککۆماری تورکیا نەکات و بانگهێشتنامەکەی بۆ ئەردۆغان هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەندامەکانی کۆنگرێس کە ژمارەیان 17 ئەندامە، لە نامەکەیاندا نووسیوویانە، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەردۆغان سەردانی ئەمریکا بکات، بۆیەش داوا لە ترەمپ دەکەن بانگێشتانەکەی بۆی بکشێنێتەوە.
ئەندامەکانی کۆنگرێس ناڕەزایەتییەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە گەڕاندبووەوە و نووسیبوویان، بڕیارەکەی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنەسەر سووریا لە 9ـی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی خراپی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێناوە.
