فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران دەکەن
ئەو سێ وڵاتە داوا لە ئێران دەکەن بەتەواوەتی پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی بێت و لەو هەنگاوانەی پاشگەزببێتەوە کەبەرامبەر بە رێککەوتنەکە گرتوویەتییەبەر.
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، هەرسێ وڵاتەکە لە راگەیێندراوەکەدا نیگەرانی قوڵی خۆیان بەرامبەر بە رەفتارەکانی ئەم دواییەی ئێران بەتایبەتیش لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕیووە.
ئەو سێ وڵاتە دەشڵێن، هەوڵەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە شکستپدێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایدەگەیێنێت، ئێستا نزیکەی شەش کیلۆگرام یۆرانیۆم لە رۆژێکدا دەپیتێنن.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ئەمڕۆ دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رۆژانە بەگشتی بەلایەنی کەمەوە 5.5 کیلۆگرام دەپیتێنین، ئەمەش بەهۆی دەستبەکاربوونی ناوەندی ئەتۆمی ژێرزەوی فۆردۆەیە.
شەشی ئەم مانگە حکومەتی ئێران بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ %5 راگەیاند و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کەمکردەوە. هەر ئەوکاتەش بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا نیگەرانی خۆیان لەو هەنگاوەی ئێران دەربڕی.
